نزیکەى (٣,٥) ملیۆن پێشتر و، (870) هەزار دۆلارى دیکەش بۆ تواناسازى خەرج کرا
(عەباس ئەکرەم) گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "دواى ئەوەى ڕەزامەندى نیشان درا لەسەر خەرجکردنى بڕى (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى تواناسازى، بۆ ئەم مەبەستە لێژنەى دابەشکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕیاری دا بە خەرجکردنى قۆناخى پێنجەمى شایستەى داراییى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، کە بە سیستمى بانکى ڕەوانەى زانکۆ پەیوەندیدارەکان کرا."
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: "قۆناغى پێنجەمى شایستەى داراییى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى بڕەکەى بریتییە لە (870,572) هەزار دۆلارى ئەمریکایی، بۆ ئەوەش بڕە پارەکە بە یەک قۆناخ خەرج دەکرێت و تیایدا (56) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە هەریەک لە زانکۆکانى (ئەمریکا – بەریتانیا – ئوستورالیا – سوید - کەنەدا) لێى سودمەند دەبن."
ئەو ڕوونی کردەوە: "پێشوتر لە چوار قۆناغى جیا جیادا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕى (2,452,598) ملیۆن دۆلارى ئەمریکاییى خەرج کردووە کە (1366) خوێندکارى بەرنامەى تواناسازى لە وڵاتە جیاکان لێى سودمەند بوون، کۆى ئەو پارانەش لە ڕێگەى سیستمى بانکیەوە ڕەوانەى زانكۆکان کراوە."
جێگەى ئاماژەیە دواى ئەوەى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندى نیشان دا لەسەر خەرجکردنى بڕى (٣٠) ملیۆن دۆلار بۆ خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، بەتایبەت ئەوانەى ئێستا لە پڕۆسەى خوێندندان، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەى خەرجکردنى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى، بە سەرۆکایەتیى (د.یووسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبوونەوەکانى بەردەوام بووە بۆ ئەوەى تەواوى شایستە داراییەکانى خوێندکارانى بەرنامەى تواناسازى لە سەرجەم زانکۆکانى جیهان، کە تێدا دەخوێنن قۆناغ بە قۆناغ خەرج بکات.
kdp-
