محەمەد حاجی مەحموود: هیچ کات هێندەی ئێستا بەهێز نەبووینە

 	 محەمەد حاجی مەحموود: هیچ کات هێندەی ئێستا بەهێز نەبووینە
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژە بە گرینگیی ڕیفراندۆم دەکات و دەڵێت، دەبێ گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، چونکە لە مێژووی گەلی کورددا هیچ کاتێک هێندەی ئێستا بەهێز نەبووینە.

(محەمەد حاجی مەحموود) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: من لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمم لە کات و ساتی خۆیدا، خەبات و قوربانیی ئێمە بۆ ڕۆژێکی وا بووە، لەبەر ئەوەی ئەم پرسە، پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە، هەرچەندە زوو بکرێت، درەنگترە، چونکە لەوە دەچێت گۆڕانکاری خێرا بەسەر ناوچەکەدا بێت، گشتپرسیش بڕیارێکی جێبەجێکارییە و دەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر بدات، پێوستی بە لایەنی دیکە نییە، لە کاتێکدا زۆر گرینگە سەرجەم حزبەکان خۆیان ڕێک بخەنەوە و دەنگیان بکەنە یەک بۆ ئەوەی بە هەموومانەوە ئەم پرۆسەیە سەر بخەین، خۆ ناکرێت گەلی کوردستان هەر چاوەڕوانی ئەوە بکات، کە لە بەغداوە کەی پارەی بۆ بێت، یان کەی سیاسییەکانی عێراق چیمان پێ بڵێن.''

سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان باوەڕی وایە، کە دەبێ ئەم گەلە، خۆی بریار لە چارەنووسی خۆی بدات، چونکە ئەمە هەڵبژاردن نییە بۆ حزبێک یان ڕێکخراوێک، ئەمە ڕیفراندۆمە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان، ئەگەر گرفتێکیش هەیە لە ناوخۆی کوردستان، ئەوە حەقە هەموو حزبەکان کۆببنەوە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژارن، چونکە بە هەڵبژاردن زۆر لە گرفتەکان چارە دەکرێن و هەرێمی کوردستانیش لەم قۆناغە ڕزگاری دەبێت، ئەو کاتە پەرلەمان و حکوومەت سفر دەکرێنەوە و سەرلەنوێ حزبەکان دەتوانن بگەنە ڕێککەوتن.''

(محەمەد حاحی مەحموود) دەڵێ: ''ڕیفراندۆم بە تەنیا پرسێکی سیاسی نییە، پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابوورییە، چونکە گشتپرسی بۆ ئەوە دەکرێت کە هیچ حزبێک بەناوی خەڵکەوە قسە نەکات بەڵکو ئەمە دەنگی خەڵکە و وەرەقەیەکە بۆ ئەوەی لە ڕێی ئەم وەرەقەوە لەگەڵ ئەورووپا و سەرجەم جیهان قسە بکەیت، کە ئێمە ئەوەی دەمانەویست لە عێراق هیچی نەهاتووەتە دی، لە دەستووری عێراق نییە بوودجەی کوردستان ببڕدرێت، نەتوانێت لە ڕێی وشکانییەوە بچێت بۆ بەغدا، دەستوور ئەمانەی تێدا نییە، کە هاووڵاتیی کورد بگیرێت و لەسیدارە بدرێت و داوای پارەی لێ بکرێت، لە دەستووری عێراقدا نییە بارێک لە سلیمانییەوە بچێتە بەغدا دەجار گومرگ بکرێت، ئێستا خەڵک کاری پێ ناکرێت، دواتر ئەوە سەرۆک و وەزیری بەرگری هەموو وڵاتانی جیهان هاتوونەتە بەرەی جەنگ و دەستخۆشییان لە پێشمەرگە کردووە، کەچی ناکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری و ناوخۆ نەتوانن بێنە لای پێشمەرگە و دەستخۆشیی لێ بکەن، بۆیە ئەوەی عێراق دابەش دەکات ئەوانن، نەک ئێمە.''

سەبارەت بە پۆستەکانی بەغداش ئاماژەی دا: ''کورد بەشێکی زۆری پۆستەکانی لە بەغدا لەدەست داوە، بۆچوونێک هەیە کە سەرجەم پۆستەکانی کورد لە بەغدا وەربگیرێنەوە، بۆیە ئێمە ڕیفراندۆم دەکەین بۆ ئەوەی سەربەخۆیی ڕابگەیەنین و جارێکی دیکە ناگەڕێینەوە بۆ پێش شەڕی داعش، بۆیە ئێمە بڕیاری خۆمان داوە، کە چارەنووسی خۆمان دیاری دەکەین.''

سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانیش بۆ ڕیفراندۆم، ڕوونی کردەوە: ''نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین وڵاتان سەربەخۆیی وەک سینییەک بخەنە بەردەممان، دەبێ خۆمان بیکەینە ئەمری واقع، وڵاتان ڕێککەوتنی جەزائیر و پیلانی کیمیاویی هەڵەبجەیان بەسەر هێناوین، بەڵام دواجار خۆمان بڕیارمان دا کە چیمان دەوێت، کاتی خۆیشی لەگەڵ بەرەی کوردستانی و فیدراڵی نەبوون، بەڵام کردمانە ئەمری واقع، بۆیە هیچ کاتێک بەقەت ئێستا کوردستان لە لووتکەی بەهێزیدا نەبووە، لە ئاستی هێز و دیپلۆماسی و خاک و خەڵکدا، لە مێژووی دوورودرێژدا ئاوا بەهێز نەبووە، بۆیە شاترین دەرفەتە لە دەستی نەدەین و خۆمان کۆبکەینەوە، ئەمە مافێکی خەڵکی کوردستانە و دەبێ بەدەست بێت و جارێکی دیکە کوردستان ناگەڕێتەوە دواوە.''
kdp-
Top