عەلی عەونی: عێراق تەنیا دەتوانێ هیوا بۆ ئەوە بخوازێت ببینە دراوسێیەکی باش

عەلی عەونی: عێراق تەنیا دەتوانێ هیوا بۆ ئەوە بخوازێت ببینە دراوسێیەکی باش
ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی (عەلی عەونی) دەڵێت، دەبێ بەرپرسانی عێراق ڕێز لە ئیرادەی گەلی كورد بگرن و تەنیا دەتوانن ئاوات بۆ دراوسێیەتییەكی باشی كوردستان بخوازن.

(عەلی عەونی)، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''كاتی خۆی گەلی كوردستان بەبێ ئیرادەی خۆی بە عێراقەوە لكێندراوە، 100 ساڵ تەجرەبەی فەشەلی عێراقمان هەیە. هەوڵدان بۆ بەژێردەستیهێشتنەوەی كورد بووەتە هۆی بەهەدەردانی پارەیەكی خەیاڵی لە عێراق و خوێنڕشتنێكی زۆر زۆر، چونكە ویستوویانە بە ناحەق ئەو خاكە بۆخۆیان گل بدەنەوە.''

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی ڕایشیگەیاند: ''هەریمی كوردستان ئێستا ڕێگایەكی زۆر نەرم و ئاشتییانە و دیموكراسییانەی گرتووەتە بەر، تا بە ڕیفراندۆم لە عێراق جیا بێتەوە. ئەمە ڕێپێدراوی دەستووری عێراقیشە و نابێ دووبارە تەجرەبەی 100 ساڵی پیشوویان دووبارە بكەنەوە. بڕیاری ڕیفراندۆم لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێپێدراوە و یەكێكە لە مافەكانی مرۆڤ و هاوشێوەی وڵاتانی چیكۆسلۆڤاكیا و یوگوسلافیا و چەندانی تر ئێمەش دەمانەوێت بڕیاری خۆمان بدەین.''

(عەونی) جەختیشی كردەوە: ''دەبێ بەرپرسانی عێراق ڕێز لە ئیرادەی گەلی كورد بگرن. تەنیا دەتوانن ئاوات بۆ دراوسێیەتییەكی باشی كوردستان بخوازن. خۆ ئەگەر نا ئێمەی كورد بڕیاری ڕیفراندۆممان داوە و بە هیچ شێوەیەك لێیشی پەشیمان نابینەوە، ئەگەر بێت و دژایەتیشی بكەن، ئەوە وەك چۆن لە میژوودا زیانیان لە خۆیان داوە، دیسان زیانی زۆر گەورەیان پێ دەگات و ئێمەش هەر جیا دەبینەوە.''
kdp-
Top