سەرۆک بارزانی بۆ كەسایەتی و ئاكادیمی و سەرۆكهۆزە عەرەبەكانی نەینەوا و مەخموور: بە ئازادییەکی تەواو لە ریفراندۆمدا بەشدار بن

 سەرۆک بارزانی بۆ كەسایەتی و ئاكادیمی و سەرۆكهۆزە عەرەبەكانی نەینەوا و مەخموور: بە ئازادییەکی تەواو لە ریفراندۆمدا بەشدار بن
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) لە کۆبوونەوەی لەگەڵ كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاكادیمی و سەرۆكهۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا و مەخموور، داوای لێکردن کە بە ئازادییەكی تەواو لە ڕیفراندۆمدا بەشدار بن و خەڵكی ناوچەكە چ بڕیارێك لە چارەنووسی خۆی دەدات ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێ و هیچ سیغەیەك بەسەریاندا ناسەپێندرێت.

ڕۆژی چوارشەممە 21ـی 6ـی 2017 لە شاری هەولێر (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی شیكردنەوەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و بارودۆخی شاری مووسڵ و ڕیفراندۆم و گوزەرانی ئاوارەكان و ئاگاداربوون لە كێشە و گرفتەكانیان لەگەڵ كەسایەتی كۆمەڵایەتی و ئاكادیمی و سەرۆكهۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا و مەخموور كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) لە وتەیەكدا ئاماژەی بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی پارێزگای نەینەوا و تێكشكانی سەربازیی تیرۆریستانی داعش دا و جەختی لەوە كردەوە كە ئەگەر هۆكارەكانی دەركەوتنی داعش چارەسەر نەكرێت هەڕەشەی دەركەوتنەوەی داعش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت و پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكان نەكرێ بەڵكۆ هۆكارەكان چارەسەر بكرێن. (سەرۆك بارزانی) هێمایشی بەوەدا كە چارەنووسی هەموو لایەكمان هاوبەشە و یارمەتیدانی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆڤی و برایانە لە قەڵەم دا
kdp-
Top