محەمەد خورشید: پێکهاتەکانی کەرکووک گرەنتییان دەوێ؛ پشتی ریفراندۆم دەگرن
(د.محەمەد خورشید)، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دیداری ئەمڕۆی (سەرۆک بارزانی) لەگەل خەڵکی عەرەب و ناوچەکانی مەخموور و دەشتی نەینەوا بە گرینگ دەزانین، چونکە ھەموو جارێک ئەو شێخ و کەسایەتییە دیارانەی ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ و ھەموو ناوچەکانی دیکە تامەزرۆی ئەوەن لە نیزیکەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ببینن، لەبەر ئەوە دیداری ئەمڕۆی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ ئەو خەڵکە بەڕێزە ھەنگاوێکی زۆر گرینگە لەم قۆناغەدا و ئەوان زیاتر لە نیزیکەوە متمانەیان لا پەیدا دەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بن.''
(د.محەمەد خورشید) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئێمە بەردەوام سەردانی شێخ و پیاوانی عەشایەری ناوچەکانی کەرکووک و دەوروبەریمان کردووە، ئەوان وێڕای ئەوەی زۆربەیان پشتیوانی لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم دەکەن، زۆریش داوا دەکەن لە نیزیکەوە (سەرۆک بارزانی) ببینن، چونکە بە بینینی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەوان تەنیا یەک داواکارییان لە (سەرۆک بارزانی) ھەیە، ئەویش ئەوەی کە سەرۆک، وەک کەسی یەکەمی ھەرێمی کوردستان، گەرەنتیی ئەوەیان پێ بدات، لە کاتی بەشدارییان لە ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندا لە لایەن بەغداوە کێشەیان بۆ دروست نەکرێت و لە ھەرێمی کوردستانیش زەمانەتی پێکەوەژیانیان پێ بدرێت.''
kdp-
