کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی: رێز لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان دەگرین

 کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی: رێز لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان دەگرین
کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی، کە حزبێکی عێراقییە، رایدەگەیەنێت، رێز لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان دەگرێت.

رۆژی چوارشەممە 21.6.2017، کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی راگەیەندراوێکی لەبارەی سەردان و کۆبوونەوەکانی ئاراس حەبیب کەریم، ئەمینداری گشتیی کۆنگرەی نیشتمانی بۆ باشووری کورداستان بڵاو کردووەتەوە.

ئاراس حەبیب کەریم بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حزبەکەی، لە رۆژانی 11-15ـی 6ـی 2017، سەردانی پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک و سلێمانی کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەندین سەرکردەی باڵای کوردستان، کۆ بووەوە.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندەکەی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرکردەکانی باشووری کوردستان، جەختی لە کارکردنی هاوبەش و راستەقینە لە چوارچێوەی وڵاتێکی دەستووری، پەرلەمانی، دیموکراتی و فیدڕالی کردووەتەوە.

سەرکردەکانی باشووری کوردستان لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی باسیان لە هۆکارە سیاسی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، ئاسایشی و ئابوورییەکانی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان کردووە و رایانگەیاندووە، گەلی کوردستان لە ریفراندۆمدا خۆی بریار لە چارەنووسی خۆی دەدات.

لەبارەی هەڵویستی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی سەبارەت بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستانیشەوە، شاندە عێراقییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەڵوێستی حزبەکەیان لە چوارچێوەی رێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستانە، کە ”رێککەوتننامە و یاسا نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتییەکان گەرەنتیی دەکەن“.

بەپێی راگەیەندراوەکە، کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی یەکدەنگیی و ئامادەیی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە پێویست دەزانێ بۆ ریفراندۆم و چارەسەرکردنی کێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی کوردستان و کێشەکانی هەولێر و بەغدا.

ئەو حزبە عێراقییە بە باشی دەزانێ لایەنە کوردستانییەکان لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستانەوە لەگەڵ حزب و لایەنە عێراقییەکان و مەرجەعییەتەکانی عێراق کۆ ببنەوە و هۆکارەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم روون بکەنەوە.

پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.












باسنيوز
Top