ڕێبوار تاڵەبانی: کەرکووک بەھۆی کوردستانی بوونیەوە زۆرترین ستەمی لێکراوە

 ڕێبوار تاڵەبانی: کەرکووک بەھۆی کوردستانی بوونیەوە زۆرترین ستەمی لێکراوە
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕای دەگەیەنێت، کە کەرکووکییەکان ئومێدیان بە بەغدا نەماوە و چاوەڕوانی ھیمەتی ھەرێمی کوردستانن بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە سەرکەتووبیت.

ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کەناڵی کوردستان ٢٤ی ڕاگەیاند: "ئێمە چاوەڕوانین و چاودێری دۆخەکە دەکەین، ئێستا ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران و حزبە سیاسییە کوردستانییەکان کە ئێستا بۆ پەلەکردن لەسەر سەرکەوتنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لەسەر ھێڵن، چونکە ئەم پرسە پرسێکی گرنگە و دەبێتە مێژوو بۆ ھەموو گەلی کورد و ئەو نەھامەتییانەی کە بەغدا بەسەر کوردا ھێناویەتی، بۆیە ڕیفراندۆم بەشێکی زۆری ئاواتی ئەو کەسانەی کە لەو رێگەوە شەھید بوون، بۆ ئێستا بۆ نەوەکانیان دەی ھێنێتەدی و دەیبینن".

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەوەشی خستەڕوو: "کەرکووک یەکێکە لەو شارانەی کە بەھۆی کوردستانی بوونیەوە زۆرترین ستەمی لێکراوە، لەبەر ئەوە ئامادەباشی تەواوی دەوێت، لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک باسی ئەوەشمان کردووە، کە پێویستە وەک ئەنجومەن بۆ ئامادەباشی چی بکەین، ھەروەھا لەگەڵ دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامداین".

گوتیشی: "لەگەڵ لیستی برایەتی ئەنجومەنیش کۆبوونەوەی سەرەتایمان کردووە، دەمانەوێت ھەموومان بگەینە ئەنجامێک بۆ ئەوەی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە کەرکووک بەتایبەتی و ناوچە کوردستانییەکان سەرکەوتوو بێت".

ڕێبوار تاڵەبانی، جەختی لەوەش کردەوە: "ھیچ ئومێدێکمان بە بەغدا نەماوە، چونکە بەغدا ھەمیشە بەڵێنی بێ کرداری پێ داوین، دەستی دەستیمان پێ دەکات، ھەربۆیە کەرکووکییەکان لێی بێزارن. ئێستا چاویان لە ھیمەتی ھەرێمی کوردستانە بۆئەوەی ھەوڵ بدات بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە".




















باسنيوز

Top