ئەحمەد تورک: هەلومەرجێکی لەبار بۆ سەربەخۆیی کوردستان هاتووەتە پێشەوە
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری ناسراوی باکووری کوردستان شارەداری لەکار دوورخراوەی شارەوانیی گەورەی مێردین، بە ماڵپەڕی (پەیاماکورد)ی باکووری راگەیاندووە، کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیەکی گرنگی هەیە، بەڵام ”بەداخەوە لەو وڵاتانەی کوردستان بەسەریاندا دابەشکراوە، دووچاری دوژمنایەتی و توانەوەی فەرهەنگی بووەتەوە“.
ئەحمەد تورک هەروەها رایگەیاندووە، لە باشووری کوردستان هەلومەرجێکی لەبار بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی هاتووەتە پێشەوە، کە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان رەخساندوویەتی و گەلی کوردستانیش ”مافی سەربەخۆیی هەیە“.
ئەو سیاسەتمەدارەی باکووری کوردستان بەپێویستی دەزانێ هەموو حزب، رێکخستنەکان، ئەکادیمییەکان و زانایانی کورد دەست بە گفتوگۆ بکەن دەرەنجامەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، شیکار بکەن.
ئەحمەد تورک پێیوایە بە هەنگاونانی باشووری کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ”حەسرەتی کوردان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بەدی دێت“.
پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنيوز
