لێكۆڵەڕێكی ئێرانی: دەبێ دان بە لەدایكبوونی دەوڵەتی كوردستاندا بنێین

 لێكۆڵەڕێكی ئێرانی: دەبێ دان بە لەدایكبوونی دەوڵەتی كوردستاندا بنێین
سادق مەلەكی، لێكۆلەر و گەورە شرۆڤەكاری سیاسیی ئێرانی لە وتارێكدا بۆ ماڵپەڕی (دیپلۆماسیی ئێرانی) باس لە خواستی گەلی كورد دەكات بۆ سەربەخۆیی و دەڵێت: "كورد دەگات بە ئامانجەكانی كە سەربەخۆیی و براوەی یەكەمی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە و ئەمە واقیعە و دەبێت دانی پێدا بنێین."



سادق مەلەكی، دەڵێت" ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئەگەر دوا بكەوێتیش، كوردەكان دەستبەرداری دەوڵەتی سەربەخۆ نابن و دەگەن بە ئامانجیان".



ئەو گەورە شرۆڤەكارە ئێرانییە لە درێژەدا دەشڵێت: "دەبێ واقیعیبینانە بیر بكەینەوە و لە بۆچوون و شرۆڤەی دوور لە ڕاستی دوور بكەوینەوە، قبووڵكردنی تاڵیی راست، باشترە لە دڵخۆشبوون بە درۆیەك. قەیران و گۆڕانكارییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوە پیشان دەدەن كە ئەم جۆگرافیایە رووبەڕووی گۆڕانكاریی ژیۆپۆلەتیكی دەبێتەوە و كاریگەریی زۆری لەسەر وڵاتانی ناوچەكە دروست دەكات".



ئەو شرۆڤەكارە لە درێژەدا رای گەیاندووە "كە لەگەڵ وێرانییەكانی دوای داعش، كوردەكان سەرەكیترین و براوەی یەكەمن لە ناوچەكەدا و بەرلە هەر ناسنامەیەك كوردن جا هیچ جیاوازیی نییە كە كوردی عێراقی، ئێرانی، تورك یان سووری بن، دیاریكردنی 25-9-2017 بۆ ڕیفراندۆم، هەواڵێكی دڵخۆشكەرە بۆ هەموو كوردەكان".



سادق مەلەكی دەشڵێت: "دەبێ لە توندڕەوی دوور بكەوینەوە و دان بە ناسنامە جیاوازەكاندا بنێین و بە ئارامی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكەین كە سەقامگیری بێتە كایەوە و رەتكردنەوەی ناسنامە و سەركوتكردن، قەیرانەكان ئاڵۆزتر دەكەن و ئەگەر گشتپرسیی كوردەكان بۆ سەربەخۆیی دواش بكەوێت، ئەوان هەرگیز لە پرسی سەربەخۆیی پاشگەز نابنەوە".



لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا هاتووە" كوردەكان گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نزیكەی سەدەیەكە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ تێدەكوشن و هەندێك جاریش لە ئامانجەكانیان نزیك بوونەتەوە و بەتایبەتی لەم دواییەدا ئیرادەیەكی بەهێز دروست بووە كە ئێدی دەبێ دان بە لەدایكبوونی دەوڵەتی كوردی دا بنرێت".







باسنیوز
Top