سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەستووری و یاساییە

 سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەستووری و یاساییە
سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، دیاریکردنی وادەیەک لەلایەن هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەستووری و یاساییە و کەس ناتوانێت ئاستەنگی بۆ دروست بکات.



موحسین سەعدوون، سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، میللەتی کورد وەک هەموو میللەتانی دیکەی جیهان، مافی ئەوەی هەیە کە بڕیار لە بارەی چارەنووسی خۆی بدات“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بە درێژایی مێژوو، گەلی کوردستان زۆرجار تووشی قڕکردن و کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی بووە و ”ئێستا کاتێکی گونجاوە کە گەلی کوردستان ڕیفراندۆم بکات و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، ئەوەش کارێکی دەستووری و یاساییە و کەس ناتوانێت ڕێگری لێ بکات“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە هەندێک گرووپ و لایەنی سیاسی هەوڵ لە دژی ڕیفراندۆم دەدەن و ناڕەزایی دەردەبڕن، بەڵام کاتێک ڕیفراندۆم دەکرێت، ”گەلی کوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات و ئەو کەسانەی ئێستا دژایەتی دەکەن، بێدەنگ دەبن“.



بەپێی بڕیاری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017دا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێت.




باسنيوز
Top