جەمال مورتکە: گومان لەو هێرشانە دەکرێت کە لەم دواییە کراونەتە سەر پێشمەرگە

 جەمال مورتکە: گومان لەو هێرشانە دەکرێت کە لەم دواییە کراونەتە سەر پێشمەرگە
فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە گومان لەو هێرشانە دەکەن کە لەم دواییانەدا کراونەتە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە دووری نەزانی کە نەیارانی ڕیفراندۆم هانی ئەو جۆرە هێرشە بدەن.



جەمال مورتکە، فەرماندەی ھێزی پیشمەرگە لە میحوەری گوێڕ، ڕاگەیاند: ”بەھۆی پرسی ڕیفراندۆمەوە، جۆرێک لە جووڵانەوە لەدژی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەدی دەکرێت، بەتایبەت لە سەرەتای ھەفتەی ڕابرووەوە تائێستا، رەنگە ئەو شەڕە ئاراستەکەی بەرەو ڕێگری لە ڕیفراندۆم بێت و بەدڵنیاییەوە دەستێکی دەرەکی لەپشتەوەیە“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە چاوەڕوان دەکەن لە مانگی داهاتوودا بەرەکانی پێشمەرگە تووشی شەڕ ببن، چونکە ”دەیانەوێت ھەست و سۆزی نەیارانی سەربەخۆیی کوردستان بە شێوەیەکی زیاتر بۆ دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستان ڕابکێشن و بەخەڵک بڵێن کە ئەوان لەپێناوی عێراقی یەکگرتوو شەڕ دەکەن".



جەمال مورتکە ئەوەی ئاشکرا کرد کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش شەڕەکە دەکات، بەڵام ”بە نوێنەرایەتیی نەیارانی کوردە و رەنگە خەڵکێکی دیکەش بەدوایان بکەوێت، چونکە دەیانەوێت شەڕەکە بکەنە شەڕی نەتەوەیی، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە کە لە بستێک خاکی خۆمان خۆش نابین“.



لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا و پاش ئەوەی هەوڵەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان چڕ کرانەوە، لە میحوەری خورماتوو، چەند جارێک داعش هێرشی ئەنجام دا و لەلایەن پێشمەرگەوە بە توندی وەڵام درایەوە.





باسنيوز
Top