ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن

 ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن رایدەگەیەنێت، کە ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.



بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، ئەمریکا پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی بە گرنگ وەرگرتووە.



بەیان سامی عەبدولڕەحمان هەروەها رایگەیاندووە، ئەوان وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ میدیاکار و بەرپرسانی حکوومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبن و ”ئامانجەکان“ی گەلی کوردستانیان بۆ روون دەکەنەوە تێیان دەگەیەنن، کە کوردستان دەیەوێ بەشێوەیەکی دیموکراسی سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت ”ریفراندۆم میکانیزمێکی دیموکراسییە بۆ سەربەخۆیی“.



هەروەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هەڵوێستی ئەمریکا دان بە مافی گەلی کوردستان دەنێت بۆ سەربەخۆیی، بەڵام کاتەکەی بە باش نازانێ ”ئێمەش بۆیان روون دەکەینەوە، کە ئێستا باشترین کاتە“، چونکە عێراق مافی گەلی کوردستان نادات و وەک هاوبەش قەبووڵی ناکات.



بەیان سامی عەبدولڕەحمان ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەکی زۆر کۆنگرێسمانی ئەمریکی کرد، کە ”پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن“ و پێیانوایە ”کوردستان مافی سەربەخۆیی هەیە“.



پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.





باسنيوز و كوردستان 24
Top