کۆیە.. لە مزگەوتەکان رێنمایی ھاتوچۆ بە ھاووڵاتییان دەدرێت
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتوچۆی کۆیە، ڕای دەگەیەنێت کە لە پێناو سەلامەتی گیانی ھاووڵاتییان و شارەزابوون لە یاساکانی ھاتوچۆ، بەشەوانی ڕەمەزان و لە مزگەوتەکان ڕێنمایی ھاتوچۆ بە نوێژخوێنان دەدەن.
زاھیر محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتوچۆی کۆیە، لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند: "شەوانە لەکاتی نوێژی تەراویحدا کە خەڵکێکی زۆر ڕوو لە مزگەوتەکان دەکەن، بۆیە وەک چالاکییەک و لە پێناو سەلامەتی و ھۆشیارکرنەوەیان لە ڕووداوەکانی ھاتوچۆدا، چەند ڕێنماییەکان پێ دەدەین و وەڵامی پرسیارەکانیان تایبەت بەو بابەتانە دەدەینەوە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتوچۆی کۆیە، ئەوەشی خستەڕوو: "کارەکەمان پێشوازییەکی باشی لێ دەکرێت، بۆیە ھەر شەوەی مزگەوتێک ھەڵدەبژێرین و رێنماییەکانیان بۆ باس دەکەین، کە پێمانوایە کاریگەری خۆی دەبێت لە کەمکردنەوەی ھەموو ئەو حاڵاتانەی بەھۆی ڕوداوەکانی ھاتوچۆوە ڕووبەرووی ھاووڵاتییان دەبنەوە".
ئەوەشی روون کردەوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە سنووری شاری کۆیە، چوار ھاووڵاتی بەھۆی ڕووداوەکانی ھاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە و گوتیشی: "خۆشبەختانە بەراورد بە ساڵی پێشوو قوربانییەکان کەمیان کردووە".
bas news-
