زانکۆی سەڵاحەدین لە مەراسیمێکدا رێزی لە کۆمەڵێک مامۆستا گرت
ئەمڕۆ سێشەممە، زانکۆی سەڵاحەدین لە مەراسیمێکدا رێز لە کۆمەڵێک مامۆستا گرت، کە توێژینەوە زانستییەکانیان لە گۆڤارە ئاست بەرزەکانی جیھان بڵاو کردووەتەوە، یاخود ئەوانەی داھێنانیان کردووە و 14 مامۆستاش لەم ساڵی خوێندن ناسناوی پڕۆفیسۆریان وەرگرتووە.
د. ئەحمەد دزەیی، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، رای گەیاند: "مامۆستایەکمان داھێنانی لە بواری کیمیا کردووە و داھێنانەکەی لە بەغدا تۆمار کراوە، ئێمەش ئەمڕۆ لەو مەراسیمە، کە کارێکی تازەیە و ئەنجامی دەدەین، رێزگرتنە لەو مامۆستایانە، بۆ نموونە مامۆستایەک زۆرترین توێژینەوەی بڵاو کردوەتەوە، 23 مامۆستا توێژینەوەیان لە گۆڤارە ئاست بەرزەکان بڵاو کردوەتەوە، ئێمە بە ئێوە سەربەرزین".
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، لە لێدوانێکدا راگەیاند: "ئامانجمان لەو مەراسیمە، ھاندانی مامۆستایانە، تا توێژینەوە لەئاست بەرزی جیھانی بڵاو بکەنەوە، چونکە ئێستا بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆ لای ئێمە زۆر گرنگە، بۆیە لە سەرەتای ساڵەوە ئەو بڕیارەمان دا و خۆشبەختانە ئەنجامێکی باشی ھەبوو".
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، ئەوەشی خستەڕوو: "ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا، رێزبەندی زانکۆکان نیشان دەکات، لەو رێزبەندییە نزیکەی 42% لەسەر ئەوەیە کە زانکۆ تا چ رادەیەک توانیویەتی توێژینەوەی مامۆستاکانی لە زانکۆیە ئاست بەرزەکان بڵاو بکاتەوە".
bas news-
