وەجبەی دووەمی پێشمەرگە لە لیوای جەزیرە مەشق و ڕاهێنانیان تەواو كر

وەجبەی دووەمی پێشمەرگە لە لیوای جەزیرە مەشق و ڕاهێنانیان تەواو كر
گوتەبێژی فەرمیی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ وەجبەی دووەمی پێشمەرگە قارەمانەكانی لیوای جەزیرە دەرچوون و كۆتاییان بە مەشق و ڕاهێنانەكان هێنا، كە ئەركی پاراستنی سنووری كوردستان لە رۆژئاوای دیجلە دەگرنە ئەستۆ.

(مەزاحم ئەحمەد ئەلحوێت)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "ئەمڕۆ وەجبەی دووەمی پێشمەرگە قارەمانەكان لە لیوای جەزیرەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە كە بە لیوای برایەتی و پێكەوە‌ژیان ناو دەبرێت و لە كورد و عەرەب پێك دێن، دەرچوون و كۆتاییان بە مەشق و ڕاهێنان هێنا كە ژمارەیان لەگەڵ وەجبەی یەكەمدا گەییشتە 3 هەزار پێشمەرگە".

(ئەلحوێت) گوتیشی، "ئەو پێشمەرگانەی ئەمڕۆ دەرچوون، دەگوازرێنەوە ناوچەكانی خۆیان و دەچنە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ و لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكانی تردا ئەركی پاراستنی سنووری كوردستان لە رۆژئاوای دیجلە دەگرنە ئەستۆ و چەند وەجبەی تریش ماون لە داهاتوویەكی نزیك ئەوانیش دەست بە مەشق و ڕاهێنان دەكەن".

گوتەبێژی فەرمیی هۆزە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا ئاماژەیشی دا، "ئەو پێشمەرگانە كە لە گەنجانی سەر بە هۆزە عەرەبەكانی ئەو سنوورە پێك دێن، ئامادەن هاوشان لەگەڵ برا پێشمەرگە قارەمانەكانی تر رووبەڕووی هەر پیلان، مەترسی و ئەجێندایەكی دەرەوە ببنەوە كە دژی هەرێمی كوردستان بكرێت، دانیشتووانی رۆژئاوای دیجلەیش بڕیارمان داوە پاشەڕۆژی ئێمەیش هەمان پاشەڕۆژی گەلی كوردستان بێت و، ئەمڕۆیش چاوەڕوانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمین بۆ سەربەخۆیی، تاوەكو كوردستانیش ببێت بە دەوڵەت و لە عێراق جیا ببینەوە".
kdp-
Top