کۆمیسیۆن: کوردانی تاراوگەش لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بەشدار دەبن
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان، (شێروان زرار)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان جەخت لەوە کرایەوە، کە زەرورە کوردانی دەرەوەی وڵاتیش لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بەشدار بن، چونکە پرۆسەیەکی گرینگە و پەیوەندیی بە چارەنووسی میللەتێکەوە ھەیە، ئێمەش لیژنەیەکمان پێکھێناوە، بۆ ئەوەی ئاڵییەتێک بدۆزێتەوە بۆ چۆنییەتیی بەشداربوونی ئەوان و لیژنەکەش لەم ھەفتەیەدا ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە، کە سەرنجی باشی تێدایە و بڕیارە سبەی جارێکی دیکە ئەنجومەنی کۆمیسیاران بۆ ھەمان مەبەست کۆبێتەوە.''
(شێروان زرار) ڕوونی کردەوە: ''ژمارەی کوردانی تاراوگە دیار نییە، بەڵام ھەوڵ دەدەین سیستەمێکی ئەلکترۆنی دروست بکەین، بۆ ئەوەی ئەو کەسەی بیەوێت بەشدار بێت، ناوی خۆی تۆمار بکات، کە ئەمە سوودی بۆ داھاتووش دەبێت، بۆیە بەو شێوەیە دەبێت، نەک دانانی سندووق لە وڵاتان، چونکە بە شێوەی سیستەمی ئەلکترۆنی کوردانی ھەموو وڵاتان دەتوانن بەشدار بن.''
(زرار) ڕایگەیاند: ''پێشنیار کراوە، کارتی دەنگدان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە زمانی دیکەش چاپ بکرێت؛ بۆنموونە، بە تورکمانی و زمانەکانی دیکە، چونکە ئەو ناوچانە زۆر پێکھاتەی لێیە، ئەمەش وەکو ھاندانێک بۆ ئەوەی لەو پرۆسەیەدا بەشدار ببن.''
(زرار) گوتیشی: ''ئامادەکارییەکانیشمان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بەردەوام دەبێت و ڕۆژانەش لە کۆمیسیۆن کۆبوونەوە دەکرێت.''
kdp-
