عەسکەری: بەهۆی هەرێمەوە دۆخی کەرکووک لە جاران باشتر بووە
(حەیدەر عەبادی) لە دواین كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندووە، گوایە هەرێمی كوردستان بە زەبری هێز نەوتی كەركووكی كۆنترۆڵ كردووە و دوو لەسەر سێی بەرهەمی نەوتی كەركووك هەناردە دەكات، لەكاتێكدا تەنیا یەك بەش بۆ حكوومەتی ناوەندی دەمێنێتەوە، ئەمەش كارێكی نابەجێیە.
سەبارەت بەم وتانەی (حەیدەر عەبادی)، سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، (ئەحمەد عەسكەری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''قسەكانی (عەبادی) زۆر ناڕەوایە، ئەسڵەن دەیانتوانی ڕانەكەن و نەوتی کەرکووک بۆ پێشمەرگە بەجێ نەهێڵن. ئەوە هێزە عێراقییەكان بوون کە لە ترسی داعش لە كەركووك و كێڵگە نەوتییەكان هەڵاتن و، نەك هەر كێڵگە نەوتییەكان، بگرە خەڵكیشیان بۆ داعش بەجێ هێشت. ئەوە هێزی پێشمەرگەش بوو، کە خەڵك و خاكی كەركووكی لە تیرۆریستان پاراست. خۆ بە نیازیش نین، دوای ئەو هەموو قوربانیدانەی هێزی پیشمەرگە، خاكی خۆمان ڕادەستی ئەوان بكەینەوە.''
سەرۆكی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕونی كردەوە: ''بەرپرسانی عێراق بەر لە داعشیش پارەی پترۆدۆلاری كەركووكیان بڕیوە، كە بڕەكەی گەیشتووەتە زیاتر لە یەك تلریۆن دینار و، لە ساڵی 2013وە یەك دیناریان بۆ كەركووك نەناردووە.''
(عەسكەری) ئاماژەی دا: ''ئێستا بەشێكی نەوتی كەركووك لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و دۆخی شارەكە زۆر لە جاران باشترە، چونكە هەموو مانگێك 10ملیۆن دۆلاری پترۆدۆلار لە هەرێمی كوردستان وەردەگرین و شارەكەی پێ بەڕێوە دەبەین.''
(عەسكەری) جەختیشی كردەوە: ''تا ئێمە سەر بە بەغدا بین، حاڵمان لەمە باشتر نابێت، سەربەخۆیی، باشترین چارەیە. كەركووكیش دەبێتەوە یەكێك لە پارێزگاكانی ئەو دەوڵەتی كوردستانەی كە بڕیارە كورد دایبمەزرێنێت. خەڵكی کەرکووک بەگشتی؛ پێكهاتەکانی توركمان و عەرەب و هەمووان بڕوایان وایە بەرژەوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستانە و زۆرینەیان بە ''بەڵێ'' دەنگ بە ڕیفراندۆم دەدەن، ئەگەر كەس دەستیان لەپشت نەدات.''
kdp-
