مەسرور بارزانی: ھەنگاوەکانمان بەرەو ریفراندۆم دەستووری و ئاشتییانەن

 مەسرور بارزانی: ھەنگاوەکانمان بەرەو ریفراندۆم دەستووری و ئاشتییانەن
ئەمڕۆ سێشەممە، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کۆبوویەوە.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ 20/6/2017 مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ یان کۆبیس، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کۆبوویەوە و لەم دیدارەدا، دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە خرانە بەر باس.

سەبارەت بە ویستی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە، کە ئەوان پاڵپشتی لە ئەنجام دانی گفتوگۆی کارای نێوان ھەولێر و بەغدا دەکەن، بەتایبەت لە ھەردوو قۆناغی پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم، ھیوایان خواست کە بە شێوەیەکی ئاشتییانە گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە، کە ریفراندۆم میکانیزمێکی دیموکراسیانەیە بۆ زانینی ویستی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستا و ئایندەشدا کوردستان بەشێک دەبێت لە فاکتەری چارەسەریی ئاشتییانەی کێشەکانی دەڤەرەکە، بۆ پرسی ریفراندۆمیش رێکاری دەستووری گیراوەتە بەر، چونکە بە پێی دەستووری عێراق، پشتگیری نەکردنی بەغدا لە دەستوور، ئەم دەرگایەی بۆ گەلەکەمان واڵا کردووە کە بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆی بدات، وێڕای ئەوەش لە گەل بەغدا بەردەوام دەبین لە دیالۆگێکی ئاشتییانە و بنیاتنەر بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە رێز لە خواست و ویستی ھاووڵاتییان بگیرێت.













باسنيوز
Top