ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بووژاندنەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت
هیڤا حاجی میرخان، بڕیاردەری لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی 2 شەڕی قورس بووەوە، ئەویش شەڕی ئابووری كە عێراق بەرامبەر هەرێمی كوردستان دروستی كرد بۆ ئەوەی هەرێمی پێ لاواز و ئیفلیج بكات، دووەمیشیان شەڕی داعشە، كە كورد لەبری هەموو جیهان بەرگریی كردووە، هەروەها سەرەڕای قەرزێكی زۆری هاووڵاییان لەسەر حكوومەت، خەڵكێكی زۆری ئاوارەشی بەخێو كردووە.
دەشڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت هەموو قەرزی هاووڵاتییان بداتەوە، كە لەلایەتی و ئەویش بەچەند ڕێگایەك لەوانە برەودان بە گرێبەستە بازرگانییەكانی نەوت لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، هەروەها برەودان بە كەرتی كشتوكاڵ، بەوەش دەتوانێت داهاتێكی زۆر كۆ بكاتەوە و هەموو ئەو قەرزەی هاووڵاتییان بداتەوە كە لەلایەتی، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی 2 ساڵی پێویست دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو "ئێستا هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو ناوچانەی كە بۆ وڵاتانی دونیا گرنگە و ڕوویان لێ كردووە و گرێبەستی لەگەڵ ئەنجام دەدەن، هەروەها لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیدا هەموو ئەو كۆت و بەندانەی كە عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی دروست كردووە، دەشكێن و خۆمان دەبینە خاوەنی بڕیار، هەروەها وەكوو شارەزایەك لە بواری ئابووریدا دڵنیام كە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان 100% كاریگەریی لەسەر بووژاندنەوەی ئابووری دەبێت".
باسنیوز
