قایمقامی هەولێر لە بارەی بۆنە ناخۆشەكەی هەولێر روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

قایمقامی هەولێر لە بارەی بۆنە ناخۆشەكەی هەولێر روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە
قایمقامی هەولێر لەبارەی بۆنە ناخۆشەکە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، سێ ئەگەر هەن، بۆ هەرسێ ئەگەرەکەش رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر و چارەسەری دەکەن.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بۆ ئەو بۆنە ناخۆشە سێ‌ ئەگەر هەن: پێدەچێت بۆنی پاڵاوگەكان بێت، یان بۆنی مۆلیدە ئەهلییەكان بێت، یاخود بۆنی خۆڵ ‌و خاشاكەكەی كانی قڕژاڵە بێت.

وەک قایمقامی هەولێر باسیکرد، چارەسەر بۆ هەرسێ‌ ئەگەرەكە دانراوە ‌و لیژنەیەكی باڵا لە نوێنەرانی پارێزگا، قایمقامییەت، تاقیگەی سووتەمەنی، ژینگە ‌و پۆلیس پێكهاتووە و بەدواداچوونی پێویست دەكەن.

قایمقامی هەولێر روونیكردەوە کە شوێنی خۆڵ‌ و خاشاكی هەولێر لە كانی قڕژاڵە بۆ شوێنێكی زۆر دووری ناوچەی گوێڕ دەگوزانەوە، بەجۆرێك بۆنەكەی نەگاتە هەولێر، ئەوەش تاوەكو مانگی 10جێبەجێ‌ دەکرێت. هەروەها پاڵاوگەكانی نەوتیش ناچاردەكەن فلتەر دابنێن.

ئەگەری سێیەم چارەسەرکردنی گرفتی مۆلیدە ئەهلییەکانە، بەجۆرێک ئەو مۆلیدانەی گازی خراپ بەکاردێنن و بۆنی ناخۆش دروستدەکەن، سزادەدرێن، تاوەکو ئێستاش 13 خاوەن مۆلیدە سزادراون.

هەندێك لە دانیشتووانی هەولێر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا گازندەی ئەوە دەکەن کە بۆنێکی ناخۆش بێزار و هەراسانی کردوون، بەشێک لەوانیش بۆنەکە بە بۆنی غاز وەسفدەکەن.

محمد سلێمان
Top