بێدەنگیی تورکیا لەبارەی ریفراندۆمەوە بەواتای پشتیوانی دێت
لە کۆبوونەوەی پارتە سیاسییەکاندا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بڕیار درا ٢٥ی ئەیلوول ببێتە رۆژی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، چاوی میدیاکان لەسەر تورکیا بوو تا بزانێت چ وەڵامێکی دەبێت، بەڵام دەرکەوت تورکیا بەرامبەر بە پڕۆسەکە بێدەنگە.
راستە بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتی: "ئەم ھەنگاوە نابەرپرسیارێتییە و لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقداین"، بەڵام زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەو لێدوانە بە ھیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی ھەڕەشە و بایکۆتکردنەوە، بەڵکوو بۆ رازیکردنی دڵی نەتەوەپەرستەکانی تورکیا ئەو لێدوانەی داوە.
، حکوومەتی تورکیا بە فەرمی داوای لە میدیاکان کردووە لەسەر پرسی ریفراندۆم توند نەبن و تا بۆشیان بکرێت بەرنامەی تایبەت و نووسینی توندی لەسەر بڵاو نەکەنەوە، بۆیە تا ئێستا میدیای تورکیا ھیچ توندییەکی پێوە دیار نییە و وەکوو بابەتێکی رۆژنامەوانی دەڕوانێتە پرسی ریفراندۆم.
بەگشتی، رۆشنبیرانی تورکیا ھەڵوێستی باشیان بەرامبەر بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور ھەیە، بۆ نموونە نووسەری گەورەی تورکیا و دۆستی کورد ئیسماعیل بێشکچی، لە لێدوانێکدا بۆ چەند رۆژنامەنووسێکی کورد و تورک لەبارەی ریفراندۆمەوە دەڵێت: "ریفراندۆم گرنگە و پێویستە بکرێت، ئەوانەیشی دەڵێن کاتی نییە با پێمان بڵێن کەی کاتی ریفراندۆمە. لە ساڵانی نەوەدەکانیش کاتێک کێشەی کورد و باسکردن لە دەوڵەتی کوردی دەھاتە پێشەوە، بەردەوام دەیانگوت کاتی نییە، ئەی کەی کاتیەتی ئەگەر ئێستا نەبێت!".
بێشکچی نموونەی بە چەند وڵاتێک ھێنایەوە لە دنیا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٠ ھەزار کەسە، بەڵام خاوەن دەوڵەتن، کەچی کورد ٥٠ ملیۆنە و تا ئێستا دەوڵەتی نییە. ھەروەھا بە گرنگی زانی کورد لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا ببێتە ئەندام.
بێدەنگیی تورکیا بەرامبەر بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەیە بۆ رازیبوون، چونکە لە رووی یاساییەوە بێدەنگی بە مانای رازیبوون دێت. لەناو ئاکپارتیشدا بەتایبەت ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کوردن و لەسەر ئاکپارتی چوونەتە پەرلەمانەوە، لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندان و داوایش لە تورکیا دەکەن دژی نەوەستێتەوە، بۆ نموونە (غالیب ئەسەنئۆغلو و ئۆرھان میرئۆغلو).
یونس ئەمرە مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی کولتوور لە ئیستەنبۆڵ، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (سی ئێن ئێن)ـی تورکی، پێی وایە ئەو ئەندام پەرلەمانە کوردانەی سەر بە ئاکپارتین کە ژمارەیان زیاترە ٣٠ ئەندام پەرلەمان، دەتوانن کاریگەرییان ھەبێت لەسەر ئاکپارتی تا بەرامبەر بە سەربەخۆیی کوردستان نەرمی بنوێنێت.
میدیاکانی سەر بە نەتەوەپەرستەکانیش بەھەمان شێوە لەسەر پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی توند نەبوونە و دژی نەوەستاونەتەوە، تەنیا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەھەپە لە رێگەی تویتەرەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و دژی ریفراندۆم وەستایەوە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک داوای لە حکوومەتی تورکیا نەکرد ھەڕەشە یان سزای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدات.
بەڵام لە کاتی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، باخچەلی بە ئاشکرا ھەڕەشەی کرد ئەگەر تورکیا ھەڵوێستی توندی نەبێت دەنگ بە سیستەمی سەرۆکایەتی بۆ تورکیا نادەن، بۆیە ئەردۆگان دوای ئەو ھەڕەشەیەی باخچەلی گوتی: "یان ئەو ئاڵایە بھێننە خوارەوە یان پەیوەندییەکانمان تێکدەچێت" ھەر ئەوکات زۆر لە چاودێرانی سیاسیی تورکیا گوتیان بۆ رازیکردنی دڵی باخچەلی و نەتەوەپەرستەکان ئەو لێدوانە توندەی داوە و پاشان ھیچ ھەڵوێستێک نانوێنێت، وایش دەرچوو و کورد ئاڵای کوردستانی لە کەرکووک نەھێنایە خوارەوە.
ئایدن سەلجان، سەرکونسولی پێشووی تورکیا لە ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا پێی وایە لە رووی مێژووییەوە سەیر بکرێت سەربەخۆیی بۆ کورد زۆر ئەستەم بووە و رێگریی زۆری بۆ ھاتووەتە پێش، بەڵام ئێستا ھاوکێشەکە گۆڕاوە.
سەلجان، نەیشاردەوە کە تورکیا بە ئاشکرا بێدەنگیی ھەڵبژاردووە لەسەر پرسی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، ئەمەیش بە مانای پاڵپشتیکردنی پڕۆسەکەیە.
ھەدەپەیش بەشێوەیەک فەرمی پاڵپشتیی خۆی بۆ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەربڕیوە و داوایش لە تورکیا دەکەن بە ھیچ شێوەیەک رێگری بۆ پڕۆسەکە دروست نەکات.
عوسمان بایدەمیر، وتەبێژی ھەدەپە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەکوو ھەڕەشەیەک بۆ تورکیا باسی لە ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی ئەوان سەربەخۆیی خۆیان رادەگەیەنن و تۆیش ناتوانیت رێگری بکەیت، چونکە کورد خۆی چارەنووسی خۆی دیاری دەکات.
ئاڵتان تان، ئەندام پەرلەمانی ھەدەپە، پێی وایە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە باشوور ئەگەرێکی بەھێزە و پێویستە تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبیش پشتگیریی لێ بکەن.
ئاڵتان تان لەدیمانەیەکیدا لەگەڵ (پەیاماکورد) بۆچوونی خۆی لەسەر ریفراندۆمی باشوور بۆ سەربەخۆیی دەربڕی و بە ھەموو شێوەیەک پشتگیریی خۆی بۆ دەربڕی.
ئەو ئاماژەی دا کە پێویستە باشووری کوردستان دەوڵەتی خۆیان ھەبێت، بەڵام نابێت بە شەڕ و ناخۆشی بێت، بەڵکوو پێویستە تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی پشتگیریی لێ بکەن و شەڕی لە دژ ھەڵنەگیرسێنن.
ئەو گوتیشی: "زۆر ئاساییە ئەگەر باشوور دەوڵەت رابگەیەنێت و وڵاتانی دراوسێش بەبێ شەڕ و بەشێوەیەکی ئاشتییانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە لەدوای ساڵی ١٩٩١ـەوە کوردانی باشوور ھەموو پێداویستییەکی دەوڵەتیان دروست کردووە و بە کردار سەلماندوویانە دەوڵەتن و بە ھیچ شێوەیەکیش نەبوونەتە مەترسی بۆ سەر تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ئەگەر ئەو دەوڵەتە بەفەرمیش بکرێت و بە ھەمان شێوە زیانی نابێت".
ئاڵتان تان، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بە باشی زانی کە مووسڵ و کەرکووکیش بخرێنە سەر ئەو دەوڵەتەی باشوور دەیەوێت رای بگەیەنێت، چونکە کێشەکانی عێراق بەو شێوەیە چارەسەر دەکرێت، بەتایبەت تورکمان و مەسیحییەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەژین و کێشەیان بۆ دروست نابێت.
باسنيوز
