قادر حەمەجان: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکێتی نوێنەر بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری دەکات

 قادر حەمەجان: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکێتی نوێنەر بۆ کۆمیتەی ڕیفراندۆم دیاری دەکات
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکێتی نوێنەری خۆی بۆ کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم دەستنیشان دەکات.

حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد: ”سەرکردایەتیی یەکێتی بە کۆی دەنگبڕیاری ئەوەی داوە کە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کۆبوونەوە ئەنجام دەدەین“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە کۆبوونەوەکانیاندا باس لە کێشەکانی خەڵکیش دەکەن و گرنگی بە خستنەڕووی بابەتی گوزەران و بژێویی خەڵک دەدەن. گوتیشی: ”لەبەر ئەوەی ئێمە بڕیارمان داوە لەگەڵ ڕیفراندۆم بین، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نوێنەری خۆمان بۆ ئەو کۆمیتەیە دیاری دەکەین کە سەرپەرشتیی ڕیفراندۆم دەکات“.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا قادر حەمەجان باسی لەوە کرد کە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا دوو ڕێککەوتنیان هەیە، ڕێککەوتنی یەکەمیان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی سلێمانییە و ڕێککەوتنی دووەمیشیان ڕێککەوتنێکی سیاسییە. گوتیشی: ”لە دوایین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی جەخت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە کرایەوە“.










باسنیوز
Top