سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان: عێراق پابەند کراوە بە داننان بە ریفراندۆمی کوردستان
سەرەتا ئاماژەی بەوە دا: ”لە فیقھی قانوونیدا ریفراندۆم بە ھەڵبژاردنێکی سادە سەیر دەکرێت، بۆیە دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمە وادەکەی دیاری بکات، ئەوەش لە یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمدا ھەیە“.
جەختیشی کردەوە، بۆ پەرلەمانی کوردستان نییە وادەی ھەڵبژاردن و ریفراندۆم دیاری بکات، چونکە ئەوە لە دەسەڵاتی لایەنی جێبەجێکارە، گوتیشی: ”کاتی خۆی پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم، دەسەڵاتی بە سەرۆکی ھەرێم داوە کە وادەی ھەڵبژاردن و راپرسی دیاری بکات، بۆیە سەرۆکی ھەرێمیش بە ئەرکی خۆی ھەڵساوە“.
لەبارەی ئەوەی لە دەستووری عێراق و ئەو پەیماننامانەی عێراق ئیمزای لەسەر کردووە، چەندە رێگە بە کوردستان دەدات پەنا بۆ بۆ ریفراندۆم و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی ببات ئەو گوتی: ”لە دیباجەی دەستووری عێراق کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ مافی چارەی خۆنووسین بە پێکھاتەکانی عێراق دەبەخشێت، لە مادەی ٨ی دەستووری عێراق کە ئاماژە بە پابەندبوونی دەوڵەتی عێراق بە ئیلتیزامە نێودەوڵەتییەکانەوە دەکات، یەکەم ئیلتیزامی نێودەوڵەتی کە دەکەوێتە ئەستۆی عێراق بریتییە لە دداننان بە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلانی وڵاتەکەی، ئەویش بەپێی ماددەی ١ی ھەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتیی ساڵی ١٩٦٦، کە عێراق ڕەزامەندیی لەسەر داون، ھەروەھا ماددەی ١و ماددەی ٥٥ی پەیماننامە (میساق)ی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە عێراق تێیدا ئەندامە، جگە لەوەیش کە ماددەی ٥٦ ی پەیماننامە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتانی ئەندام ناچار دەکات بە مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی سنووری وڵاتەکەیانەوە پابەند بن. بۆیە دەڵێین، ئەم مافە لە عێراقدا مافێکی دەستوورییە.
لە ژمارەی رابردووی (باس)دا عەلی عەلاق، پەرلەمانتاری لیستی ھاوپەیمانیی شیعە ئەوەی راگەیاندبوو کە لەنێو دەستووردا ھیچ ماددەیەک نییە رێگە بدات بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان وەڵامی دەداتەوە: ”لە دیباجەی دەستوور و ماددەی ٨ باسی ئەوە کراوە کە عێراق رێز لە ئیلتیزامە نێودەوڵەتییەکانی بگرێت، عێراقیش ئیمزای لەسەر ھەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتیی کردووە کە لە ماددەی ١ی ئەو پەیماننامانەدا ھاتووە ئەو وڵاتانەی پەیماننامەکە پەسند دەکەن دەبێت رێز لەو گەلانە بگرن کە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانیاندا دەژین و دەیانەوێت مافی چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، عێراق ئەو پەیماننامانەی کردووە بە یاسا و کاریان پێ دەکرێت.
سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ڕوونی کردەوە: ''زیاتر ڕۆ دەچینە نێو یاسا عێراقییەکانەوە، مەبەستم لە ماددەی ١ی ھەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتیی ساڵی ١٩٦٦ کە تایبەتن بە مافەگەلی مەدەنی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری، پێداگریی لەسەر مافی چارەی خۆنووسین بۆ ئەو گەلانە دەکەن، کە لە سنووری وڵاتانی ئەندامی ئەو پەیماننامەیەدا دەژین. عێراق، وەکوو دەوڵەتێکی ئەندامی ئەو پەیماننامەیە، ئەو مافەی کردووە بە یاسا و بەپێی یاسای ژمارە ١٩٣ی ساڵی ١٩٧٠ کە لە وەقایعی عێراق، ژمارە ١٩٢٧ی ڕێکەوتی ٧-١٠-١٩٧٠دا بڵاو کراوەتەوە، ئەو مافە لە دەوڵەتی عێراقدا بووە بە مافێکی یاسایی و سیفەتی ئیلزامیی وەرگرتووە، بە شێوەیەک کە حکوومەتی عێراق ناچار دەکات ڕێز لە ئیرادەی گەلانی وڵاتەکەی بگرێت، ئەوکاتەی کە بڕیاری سەربەخۆیی دەدەن.''
ئەو لەپاڵ ئەوەشدا ئاشکرای دەکات، لەنێو دەستووری عێراقدا ھیچ ماددەیەک نییە کە رێگری بکات لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی عێراق، گوتیشی: ”ئەگەر لەبەر ئەوە نەبێت بە سیاسیی کراوە و لە ٩ ئەندامی ٧ ئەندامیان شیعەن و سەر بە مالیکین، ئەوە لە دادگای فیدراڵییش سکاڵا تۆمار بکرێت کێشەمان نییە و بەڵگەی زۆری قانوونی ھەیە کە ئێمە مافی ریفراندۆممان ھەیە“.
سەبارەت بە پشتیوانیی نێودەوڵەتییش رای گەیاند: ”بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێـت وڵاتان ھاوکاریی مرۆیی پێشکەش بەو وڵاتانە بکەن کە بڕیاری سەربەخۆیی دەدەن و پارێزگاریشیان لێ بکەن“.
ڤاڵا فەرید، گوتیشی: ”دژایەتیکردنی ریفراندۆم دژایەتیکردنی مێژووی میللەتێکە، ئەوەی دژایەتی بکات واتا دژایەتیی خەبات و قوربانیی گەلەکەمان دەکات، کە ساڵانێکی دوورودرێژ بۆ سەربەخۆیی قوربانی و شەھید دەدات“.
پەیوەست بە وەڵامی بەشێک لە وڵاتان بەوەی سەروەریی عێراق بپارێزرێت، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، ئەوە پرسێکی دیبلۆماسییە، گوتیشی: ”ھەندێک وڵات دەڵێن دەبێت سەروەریی عێراق پارێزراو بێت، ناڵێن یەکپارچەیی عێراق، تەنیا ئێران نەبێت باسی یەکپارچەیی عێراق دەکات“.
ڤاڵا فەرید، ئاشکرای دەکات ئەگەر سەرۆکی ھەرێم و پارتی بەتایبەت جۆرێک زەمانەتیان بەدەست نەھێنابێت ناڕۆنە نێو پڕۆسەی ریفراندۆمەوە، گوتی: ”پارتی چەند ساڵێکە ھۆکارەکانی دروستکردنی دەوڵەتی گرتووەتە بەر، بۆ نموونە پەیوەندیی دیبلۆماسی، ئابووریی بەھێز، ئەوەش کە دایکی دیبلۆماسی و ئابوورییە، ئارامی و ئاسایشە، پارتی ئەو سێ کۆڵەگەیەی کە دەوڵەتی لەسەر دادەمەزرێت بونیات ناوە، پارتی چووەتە نێو نەخشەی بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی، بۆیە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم پشتیوانەکانمان زیاتر دەردەکەون“.
باسنیوز
