ئیسلامییەکان لەبەر ھەڵوێستی دژ بە ریفراندۆم لە کۆمەڵ دوور دەکەونەوە
بەپێی زانیارییەكان لە کەسانی بەرپرس لە حزبە ئیسلامییەکان ، ھەر یەک لە یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی نزیکن لەیەکەوە، بۆ دروستکردنی لیستێکی ئیسلامی بۆ ھەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی پەرلەمانی کوردستان.
ئەو سەرچاوانە ئاشکراشیان کرد، لەناو سەرکردایەتیی یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامیدا مەیلێک دروست بووە کە بۆ مەبەستی دروستکردنی لیستێکی ئیسلامی کات لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی نەکوژن، چونکە کۆمەڵ لەم قۆناغەدا نایەوێ ھەڵوێستەکانی ھاوشان و یەکگووتاری حزبە ئیسلامییەکان بێت، بەڵکوو بووە بە بەشێک لە جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی بزووتنەوەی گۆڕان.
بەپێی زانیارییەکان، لەناوخۆی سەرکردایەتیی ئەو دوو حزبەدا، رایەکی بەھێز دروست بووە کە خۆیان لە پرسی کاری ھاوبەشی ئیسلامیش لە کۆمەڵی ئیسلامی دوور بخەنەوە، چونکە ھەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامی لەو ماوەیەدا بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان نەرێنی بووە و ئەوەش بۆ داھاتووی ئیسلامییەکان لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ئەگەر ھاوشانی کۆمەڵ بن، زیانی دەبێت.
حەسەن عەبدوڵا، بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ھەڵەبجە بۆ (باس) رای گەیاند، ھەڵوێستی یەکگرتوو و مامۆستا سەڵاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی روون و رەوان بووە، کاتێک گوتوویەتی: “ ئیسلامییەکان کاری ھاوبەشی خۆیان دەکەن و ئەگەر لایەنێکیش بۆ ئەو پرسە نەیەتە پێشەوە ئەوە ئازادە، ئێمە لە کاری خۆمان بەدیار کەسەوە ناوەستێنین”.
ئاماژەی بەوەش دا، کۆمەڵ ئازادە لەوەی بەشداریی کاری ھاوبەشی ئیسلامییەکان دەکات یان نا، یان ئەوەتا نەیەتە لیستێکی ئیسلامییەوە کە لە یەکگرتوو و بزووتنەوە و کەسانی ئیسلامیی دەرەوەی حزبەکان پێک بێت، گوتی: “تا ئێستا رێککەوتن بۆ دروستکردنی وەھا لیستێک کە کۆمەڵی ئیسلامی تیادا بەشدار نەبێت، نەکراوە، بەڵام ئەگەر ئەوە رووی دا ئەوە ھەر لایەکمان ھۆکاری خۆمان ھەیە و وەڵامی جەماوەرەکەی خۆشمان دەدەینەوە بۆچی فڵانە حزب بەشداریی نەکردووە”.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەوەی تا ئێستا باس کراوە لەنێوان حزبە ئیسلامییەکان تەنیا کاری ھاوبەش بووە نەوەکو دروستکردنی لیستێکی ئیسلامی، گوتی: “بە بڕوای ئێمە کاری ھاوبەشی ئیسلامی لە ھەڵبژاردن گەورەترە، بەتایبەتی بۆ کارە نیشتمانییەکان کە ئێستا پرسی ریفراندۆم ھاتووەتە پێشەوە”.
لەبارەی ئەوەی کە کۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی لە بڕیاری حزبە سیاسییەکان نەکردووە بۆ پرسی ریفراندۆم، ئەوە تا چەند کاریگەریی نەرێنی بۆ دوورکەوتنەوەی یەکگرتوو و بزووتنەوە ھەبووە لە کۆمەڵی ئیسلامی، ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو رای گەیاند، مادام رەتی نەکردووەتەوە کاریگەریی دەرنەکەوتووە، بەڵام ئیسلامییەکان ئازادن بە چ شێوەیەک دەنگ دەدەن، بەڵام دەبێت بۆ خەڵکی خۆیان روون بکەنەوە بۆ بە (نەخێر) دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەن، ھەروەکوو ئێمەش دەبێت ئەو روونکردنەوەمان بۆ (بەڵێ)ی خۆمان ھەبێت.
ھاوکات، عەبدوڵا وەرتێ، وتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی ئیسلامی رای گەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی ھاریکاری ئیسلامی بریتی بووە لە دروستکردنی لیستی ھاوبەش بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکانی ئایندەی پەرلەمانی کوردستان، گوتی: “تا ئێستا گفتوگۆ و قسەیەکی زۆر لەو بارەیەوە لەناوخۆی حزبە ئیسلامییەکان کراوە، ئەوەش یەکێکە لە ئامانجی جەماوەر و لایەنگرانی ھەموو حزبە ئیسلامییەکان”.
ئاماژەی بەوەش دا، دروستکردنی لیستێکی ئیسلامی لەنێوان دوو لایەنی ئیسلامی و ئەو کەسایەتییە ئیسلامییانەی لەدەرەوەی حزبەکانن، بابەتێکە پێویستی بە گفتوگۆیە، گوتی: “ئێستا زووە بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە، لە کاتێکدا ھیچ لایەنێکی ئیسلامی بە فەرمی رای نەگەیاندووە کە بەشداری لەو لیستەدا ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆبوونەوە ھاوبەشەکان بە راشکاوی باس لەو رایە جیاوازانە کراوە”.
لای خۆشیانەوە، بیلال سلێمان، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی رای گەیاند، ناوی لیست بە لای ئەوانەوە گرنگ نییە، ناوەڕۆکی لیستەکە گرنگە، گوتی: “لە دۆخێکدا ئەگەر کۆمەڵی ئیسلامی نەخرێتە لیستەکەوە، ئەوە دروستکردنی لیستێک بەناوی ئیسلامییەکانی کوردستان ناتوانێ تەعبیر لە ھەموو ئیسلامییەکانی کوردستان بکات”.
ئەو سەرکردەیەی کۆمەڵ راشی گەیاند، تا ئێستا بڕیارێک نییە لە کۆمەڵی ئیسلامی کە بەشداریی لە لیستێکی ھاوبەشی ئیسلامییەکان بکات، گوتی: “من ھەر حزبێک ھەر ناوێک لە لیستەکەی دەنێت ئاساییە، ناونان لە لیستەکە نابێت بەھۆی تەعبیرکردن لە ناوە گشتییەکە، خەڵکی خۆی دەزانێ ئەو لیستە ھی کێیە و دەنگ بە کێ دەدات”.
راشی گەیاند، ئەوان وەکوو کۆمەڵی ئیسلامی ھیچ ترسێکیان لە دروستبوونی لیستێکی ئیسلامیی فراوان لەنێوان یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی و کەسایەتییە ئیسلامییەکاندا نییە.
ھاوکات، شوان رابەر بڕیاردەری سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی رای گەیاند، ئەگەر لیستێکی ئیسلامی دروست بکرێ، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ھاریکاریی ئیسلامی ئەوە دەبێت بە شێوەی فەرمی لە کۆبوونەوەی ھەرسێ لایەنەکە باس بکرێت و بە رێککەوتن و تەوافق بێت، ئەوکات دەبێتە لیستێکی ئیسلامی گووتی “بە تەنیا لیست دروستکردن لەلایەن لایەنێک لەو سێ لایەنە ئەوە دەبێتە دەرچوون لە تەوافق، بەڵام ئەوە دەنگی خەڵکە حوکم دەدات بەسەر قورسایی لایەنەکاندا کەس ناتوانێ لایەنێکی دیکە بەناوی لیستی ئیسلامی پەراوێز بخات”.
باسنیوز
