مالیکی کار بۆ دابڕاندنی سلێمانی لە ریفراندۆمدا دەکات و باڵێکی تاقمەكەی گۆڕان و ھێزی دیکە بۆ تێکدانی دۆخی سلێمانی بەکار دەھێنێ
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، لە ماوەی رابردوودا نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، کەناڵی زۆری بۆ دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان تاقیکردووەتەوە لە بەکارھێنانی حەشدی شەعبی و پەکەکە لە شنگال و ھەوڵدان بۆ بەکانتۆنکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و پرسی بەھەرێمکردنی سلێمانی و دوولەتکردنی کوردستان کە ماوەیەک بەشیک لە ھەلسووڕاوی دیاری گۆڕان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵام لە ھەموواندا سەرکەوتوو نەبووە و نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بگات. ئێستا پیلانێکی دیکەی لەبەردەستدایە بە لەمپەر دروستکردن لەبەردەم ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەش فۆکسی خۆی خستووەتە سەر شاری سلێمانی، چونکە خەڵکانێکی نزیک لەخۆی لەناو ھەندێ پارتی سیاسی، لەو پارێزگایەی کوردستان ھەیە و بە ئاشکراش ئێستا باڵێکی گۆڕان لە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان وەستاوەتەوە، کە مالیکی دەیەوێ سوودیان لێ وەربگرێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، مالیکی لەو ماوەیەدا پەیوەندیی تەلەفۆنی و دیداری زۆری لەگەڵ ئەو کەسانەدا ھەبووە لە فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا و لەگەڵ ئەو کەسانەش کە لە حزبەکانی دیکە لەژێرەوە کار بۆ دژایەتیی ریفراندۆم و سەبەخۆیی کوردستان دەکەن.
سەرچاوە ئاشکرای کرد، مالیکی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنی و دانیشتانەی لەگەڵ ئەو کەسانە، داوای لێ کردوون بەھەر شێوەیەک بۆیان دەکرێت رێگری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بکەن.
بە گوتەی سەرچاوەکە، لەو کەسانەی کە مالیکی دیداری لەگەڵدا کردوون، کەسانێکی چەکدار و دەستڕۆیشتوو لە سلێمانی ھەن، کە مەترسیی ھەیە ئەو کەسانە رێگەخۆشکەر بن بۆ ئەنجامدانی تاوان و ھێرشکردنە سەر ئەو خەڵکەی پشتیوانیی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، مالیکی ئەو ھەوڵەی لە رێگەی تورکمانەکانیشەوە لە کەرکووک داوە و ئەگەر خەڵکانێک ھەبن بۆ ھاوکاریکردنی ئەوە لە ھەموو شارەکانی کوردستان کار بۆ لەمپەر دروستکردن بۆ پرسە سترایژەی کوردستان دەکات.
بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، مالیکی بە (دۆستەکانی) لە کوردستان گوتووە ئەگەر ریفراندۆم لە شارێکی کوردستان سەرکەوتوو نەبێت ئەوە لە رووی دانپیانانی نێودەوڵەتییەوە ریفراندۆمەکە کێشەی بۆ دروست دەبێت.
لە چەند رۆژی رابردووشدا لە شاری سلێمانی چەندین تاوان روویان دا، لەوانە کوشتنی ھاووڵاتییان و دۆزینەوەی تەرمی ژنە خوێندکارێکی زانکۆ و ھەڵدانی نارنجۆک بۆ ماڵی عەبدوللەتیف سەلەفی، کەسایەتیی دیاری رەوتی سەلەفییەکان و بریندارکردنی، کە لە کاتی ھێرشکردنە سەری پرسیاری ئەوەیان لێ کردووە لەگەڵ ریفراندۆم و سەبەخۆیی کوردستاندای، ئەویش وەڵامی بەوە داوەتەوە کە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندایە، گومان دەکرێ ئەو کردەوانە بەشێک بن لەو ھەوڵانەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پیشووی عێراق.
شاخەوان عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، تا ئەنجامدامنی ریفراندۆم، نەیارانی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدەن کە ریفراندۆم سەرکەوتوو نەبێت یان زۆرترین دەنگی (نەخێر)ی بۆ کۆ دەکەنەوە، بەڵام رۆژی ریفراندۆم ئەوە خەڵکی کوردستانە کە کامەیان نیگەران و ناڕازییە خۆی بۆ ناگیرێت و لەپێناوی سەربەخۆیی وڵاتەکەی دەنگ بە (بەڵێ) دەدات.
گوتیشی: “ئەگەر دوور نەڕۆین بۆ پێش شەڕی داعش بگەڕێینەوە، ئەوە مالیکی ھەردوێنێ بوو گوتی ھێرش دەکەینە سەر کوردستان، مالیکی لە دژی سەربەخۆیی کوردستانە و ئەوەی بیەوێ لەو پێناوەدا دەیکات و خەڵکی نزیک لە خۆیشی بەکار دەھێنێ”.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە کە ئاگاداری زۆر لە کەیسەکانی دژ بە ھەرێمی کوردستانە، لەلایەن مالیکی و ھەندێ سەرکردەی عێراقییەوە، بەتایبەتی جووڵەی حەشدی شەعبی و پەکەکە لە دژی سەبەخۆیی کوردستان، راشی گەیاند، مالیکی ئێستا لەوە گەیشتووە ھەرێمی کوردستان خاوەنی زۆری ھەیە و ھەموو شتێکی لێ قبووڵ ناکرێت، گوتیشی: “دوای ریفراندۆم و سەرکەوتنی دەنگی (بەڵێ) دۆستەکانی کورد دەردەکەون و قورساییان دەبینرێ”.
لای خۆشیەوە عارف قوربانی، چاودێری سیاسی، رای گەیاند، بەدرێژایی مێژوو ھەرکات لایەنە سیاسییەکان رێک و تەبا بوون دڵنیایی ھەبووە بۆ خەڵکی کوردستان و دەستکەوتی باشیان بەدەست ھێناوە، ھەرکاتێک ناتەبایی ھەبووبێت نەیارەکانمان دەستوەردانیان لە ناوخۆی کوردستان کردووە، گوتیشی: “ئێستاش کە لەبەردەم ئەو پرسە چارەنووسسازەداین، گرنگە ئەولەوییەک بۆ رێکخستنی ناوماڵی کورد بێت، چونکە ئەوەی دەبێتە گەرەنتی بۆ سەرکەوتنی ریفراندۆم یەکھەڵوێستی و تەباییە”.
قوربانی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەگەر دەنگی (بەڵێ) سەرکەوتنێکی باش نەھێنێت ئەوە کاریگەریی خراپ لەسەر ھەڵوێستی وڵاتان دروست دەکات، لە کاتێکدا ٤٠ کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، گوتیشی: “دۆستەکانمان سەیری ناوماڵمان دەکەن، ئەگەر خۆمان لەگەڵیدا نەبین ئەوان بۆچی بێن بمانکەن بە دەوڵەت، لەبەرئەوە باشترین رێگە رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردە”.
قوربانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سەرەڕای ململانێکان، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە کوردستان بەو شێوەیە دابەش نەبووەتە سەر حزبەکان، کە حزبێک یان چەند حزبێک بتوانێ زۆنێک بۆ دەنگ بۆخۆی جیا بکاتەوە، گوتی: “ھەموو حزبەکان لە ھەموو شوێنەکان دۆست و لایەنگر و ئەندامیان ھەیە و پرسی سەربەخۆیی گشتییە و خەڵکی کوردستان زۆربەی بەشی ھەیە لە قوربانییانەی لە رابردوودا بۆ ئەو پرسە دراوە، لەبەرئەوە پێشبینی ناکرێت وا ئاسان بێت نەیارانی کورد یان ھەر لایەنێک ناوچەیەک لەو پرسەدا بۆ خۆی جیا بکاتەوە”.
ھاوکات، سیروان حەمەشەریف، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆی سلێمانی، رای گەیاند، یەکێک لە ھۆکارە گەورەکانی نەبوونی دەوڵەت لە رابردوودا ناتەبایی کورد خۆی بووە، درک بەوە دەکرێ ئێستاش خەڵکانێک ھەبن رێگری لە سەرکەوتنی گەلەکەی خۆیان بکەن تا سەربەخۆ بێت، گوتی: “دەنگدان بە (نەخێر) بۆ ریفراندۆم ھیچ عەقڵێکی لۆژیکیی لەدواوە نییە، گوتی تاک کە دەنگ بە حزبەکەی خۆی ناداتەوە ھەڵوێستی خۆیەتی، حزبێک ناچێتە حکوومەتەوە دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن ھەڵویستی خۆیەتی، بەڵام دەنگ بەوە نادەم سەربەخۆ بم ئەوە ھەڵویستی خۆی نییە، چونکە ھیچ لۆژیکی نییە مرۆڤ حەز بکات بە ژێردەستەیی بمێنێتەوە، ئەوەی ھەیە تەنیا رق و کینە و دژایەتیی پرسەکەیە کە ئەوانەی دژایەتی دەکەن خۆیان نەیانتوانیوە لە ئاستی بەرەی بەرەو سەربەخۆییدا بن”.
ئەو نووسەر و چاودێرە سیاسییە راشی گەیاند، دەستوەردانی دەرەکی کاریگەریی گەورەی لەسەر ئەوانە داناوە کە پشتوانیی لە دەنگی نەخێر دەکەن، بەڵام ئەو دەنگانە ناتوانن پارێزگایەکی وەکو سلێمانی لە (بەڵێ)ی ریفراندۆم دابڕێنن، گوتیشی: “گۆڕان راستە دەنگی زۆری ھەبووە لە پارێزگای سلێمانی لەگەڵ چەند حزبی دیکە، ھەر لەو پارێزگایە کە پشتوانییان لە کەسێک کرد بۆ ململانێی ھەڵبژاردن لەگەڵ کاک مەسعود، بەڵام بارزانی ھەر ٧٠%ی دەنگەکانی بردەوە، لەکاتێکدا پارتی و یەکێتی تەنیا ٥٦%ی دەنگەکانیان ھێنا، پێشبنیش دەکەن ھەموو حزبەکانی سلێمانی لە دژی ریفراندۆم بن، ئەوە سلێمانی دواجار بە دەنگێکی زۆر بڕیار بۆ سەربەخۆبوونی دەدات، چونکە سلێمانی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا کاتێک ویلایەتی مووسڵ دانراوە، داوای سەربەخۆیی کردووە”.
ئەو چاودێرە باسی لەوە کرد، کاتی خۆی کە کۆمسیۆنێک بۆ چارەسەری ویلایەتی مووسڵ دروست بووە، ئەندامانی لیژنەکە دەڵێن کاتێک بەسەر شارەکانی کوردستاندا بە مووسڵەوە گەڕاون، خەڵکی سلێمانی یەکەم شار بووە داوای سەربەخۆیی کردووە، بۆ ئەوە بەڵگەی مێژووییم لەبەردەستدایە، لەبەرئەوە خەڵکی سلێمانی ئەگەر وەکوو حزب زۆن و جێ نفووسی گۆڕانی لێ بێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە خەڵکەکەی دەنگ دەدات بە گۆڕان، دەنگ لە دژی سەربەخۆبوونی خۆی بدات.
بەڵام بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری گۆڕان لە وتارێکیدا کە ناردووە، بەناوی (نەخێر) بۆ ریفراندۆم، تیایدا نووسیویەتی: “لە ئێستا کەم نین دەنگەکانی نەخێر بۆ ریفراندۆم، کە ھیچ دوور نییە رێژەی ئەنجامی بەڵێ و نەخێرەکە زۆر دوور نەبن لە یەکەوە”.
باسنيوز
