دەبێت هەموو خەڵكی كوردستان خۆی بە خاوەنی ڕیفراندۆم بزانێت

دەبێت هەموو خەڵكی كوردستان خۆی بە خاوەنی ڕیفراندۆم بزانێت

37 سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتیی و تۆڕی ڕێكخراوی ناحكوومی له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی سه‌باره‌ت به‌ پرسی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌و ژماره‌ ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌ ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تیان ئه‌نجامداوه‌ و دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ناوه‌ڕۆكی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یان بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ئاشكراكرد.
ئه‌مه‌ش ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یه‌:-
جەماوەری كوردستان...
دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 19/6/2017 ئێمه‌ وه‌ك یەكێتی، سەندیكا و كۆمەڵە پیشه‌ییه‌كانى كوردستان، له بارەگای‌ سه‌ندیكاى پارێزه‌رانى كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامدا ده‌رباره‌ى دوا گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه و ریفراندۆم‌ كه‌ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بڕیاری داوە له‌ 25/9/2017 ئه‌نجام بدرێت.
هەموو لایەك ئەو ڕاستییەیان لا بەرجەستە بووە كه‌ كوردستان به‌ قۆناغێكى هه‌ستیار دا تێده‌په‌ڕێت و ناوچه‌كه لەسەروبەندی گۆڕانكارییەكی گەورەدایە‌، پێویسته‌ به‌وپه‌ڕى به‌رپرسیارییه‌تییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت.
خەڵكی كوردستان به‌درێژایی مێژوو و بەدیاریكراویش لە سەرەتای سەدەی رابوردوەوە خەباتی بێ سڵەمینەوەی لەپێناو ئازادیی و سەربەخۆییی بووە و ئێستاش كه‌ ئه‌و دەرفەتە لەبارە هاتۆته‌ پێش بۆ گەلەكەمان، پێویستە هەموو تواناكانی بۆ تەرخان بكرێت، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەكە كە بێگومان ریفراندۆم هەنگاوی بەراییی و بنەمای یاساییە بەرەو ئەو ئامانجە.
ئەم ریفراندۆمە، پرۆسه‌یه‌كى نیشتمانیى و نەتەوەییە. ده‌بێت هەموو خەڵكی كوردستان خۆی بە خاوەنی بزانێت، چونكه‌ به‌رهه‌مى خه‌باتى چه‌ندین ساڵه‌ و خوێنى شه‌هیدان و قاره‌مانییه‌تى هێزی پێشمه‌رگه‌ و هیوا و ئاواتى خانه‌وه‌داى شه‌هیدان و گشت لایەكە.
لەم بارەیەوە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بەپێویستی دەزانن:
1. لایەنە سیاسییەكان گشت ناكۆكیی و جیاوازییەكانیان وەلا بنێن و هەموان لەسەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆییی یەكدەنگ بن.
2. لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم و وەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایە، پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە.
3. حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری جیددی و لێبڕاوانە بكات لەپێناو باشتر كردنی گوزەرانی هاووڵاتییانی كوردستان بەگشتیی و فەرمانبەران و مامۆستایان بەتایبەتی.
داواكارین خەڵكی كوردستان به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ رۆژى 25/9 بكەنە كه‌رنه‌ڤاڵى ((به‌ڵێ)) بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان.
سەركەوتوو بێت خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی
لەپێناو سەركەوتنی ریفراندۆم و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی
payamner-
Top