مامۆستایەکی زانکۆ: دژایەتیی ھەندێ لایەن بۆ پڕۆژەی ڕیفڕاندۆم پڕۆپاگەندەیە بۆ ھەڵبژاردنەکان

مامۆستایەکی زانکۆ: دژایەتیی ھەندێ لایەن بۆ پڕۆژەی ڕیفڕاندۆم پڕۆپاگەندەیە بۆ ھەڵبژاردنەکان
مامۆستایەکی زانکۆ پێی وایە دژایەتیکردنی پڕۆژەی ڕیفڕاندۆم لە لایەن ھەندێ سەرکردەی عێراقییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆژەی ھەرێمی و دەشڵێت، ھەندێ لایەنی نێوخۆییش پڕۆژەی ڕیفڕاندۆم بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن بەکار دێنن و دژایەتی دەکەن.

(زێرەڤان بەرواری)، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دژایەتیکردنی پڕۆژەکانی کورد لە لایەن سەرکردە عێراقییەکانەوە، بەتایبەتی لە لایەن ھاوپەیمانیی شیعەوە، پڕۆژەی سیاسیی ئێران دەردەبڕێت و پێیان وایە پەیڕەوکردنی ناسیونالیزمی کورد ھەڕەشەیە بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئێران، چونکە لایەنی شیعە، دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق داوای جێبەجێکردنی سیستەمی ھەرێمیی بۆ عێراق دەکرد، واتە عێراق بکرێتە چەند ھەرێمێک. پێم وایە ھەر گۆڕانکارییەک لە سیاسەت و عەقڵی بەغدادا بکرێت، کاریگەریی پڕۆژەی ھەرێمیی بەسەرەوەیە.''

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''باشترین چارە بۆ ئەوەی ڕێ لە پڕۆپاگەندەی بەغدا بگیرێت، چارەکردنی پرسە سیاسییەکان و یەکڕیزیی نێوان پارت و لایەنە کوردستانییەکانە، لایەنەکان بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن، کە بە نەفەسێکی نەتەوەیی لەگەڵ پرسی ڕیفڕاندۆم هەڵسوکەوت بکەن و پڕۆژە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لەگەل ناکۆکییە سیاسییەکان تێکەڵ نەکرێن.''

دەربارەی دژایەتیکردنی ڕیفڕاندۆم لە لایەن ھەندێ ھێزێ نێوخۆییەوە، (زێرەڤان بەرواری) گوتی: ''بەکارھێنانی ڕیفڕاندۆم وەک کارتێکی سیاسی لە نێو ھێزە کوردییەکاندا، بەتایبەت ھەندێ لایەن بە شێوەیەکی بەرتەسکی حزبی دەڕواننە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، بۆ نموونە، تا ئێستا لایەنەکان پڕۆژەی ڕیفڕاندۆم بە پڕۆژەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەزانن، لەبەر ئەوەش وەک کارتێکی سیاسی کاری پێوە دەکرێت و ھەندێک لایەنیش پرسی ڕیفڕاندۆم بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن بەکار دێنن و دژایەتی دەکەن.''
kdp-
Top