دۆسکی: زیاتر لە ٣٢ لایەنی سیاسی بڕیاری بۆ ریفراندۆم داوە بۆیە پرسێکی نیشتمانییە

 	 دۆسکی: زیاتر لە ٣٢ لایەنی سیاسی بڕیاری بۆ ریفراندۆم داوە بۆیە پرسێکی نیشتمانییە
سیاسەتمەدار (د.دیندار دۆسکی) دەڵێ، ئێستا دەرفەتێکی زۆر باش بۆ ھەرێمی کوردستان ھاتووەتە پێش، بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، لەبەر ئەوەی ئێستا کورد لە ئاستی جیھان، خاوەنی سەنگ و پێگەیەکی بەھێزە.

(د.دیندار دۆسکی)، سیاسەتمەدار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە و دەرفەتێک بۆ گەلی کورد ھەیە، کە زۆر لەبارە بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، کە ئەمە خەونی ھەموو تاکێکی کوردە، ئەمەش لە ڕێی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە دەکرێت، بۆیە پێویستە ھەموو لایەک پشتگری لەو پرۆسەیە بکەین، لەبەر ئەوەی ئێستا کورد لەسەر ئاستی جیھان خاوەنی سەنگ و پێگەیەکی بەھێزە.''

(د.دیندار دۆسکی) گوتی: ''پێشتر ئەو وڵاتانەی کە خۆیان بە دژایەتیکردنی کورد سەرقاڵ دەکرد، ئێستا خۆیان کێشەیان ھەیە، بۆیە دەرفەتێکە ھەرێمی کوردستان لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.''

(د. دۆسکی) لە درێژەدا گوتی: ''یاسا نێودەوڵەتییەکان مافیان بە کورد داوە، ڕیفراندۆم بکات، بۆیە پێویستە ئێمەش مومارەسەی ئەو مافەی خۆمان بکەین و ڕیفراندۆم ئەنجام بدەین و زیاتر دوای نەخەین، چونکە کەس مافی ئەوەی نییە ڕێگریمان لێ بکات.''

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد ڕوونی کردەوە: ''ئەو بیرکردنەوەیەی پێی وایە ڕیفراندۆم پرۆژەی تاکە لایەنێکە و حزبیە، بیرکردنەوەیەکی ھەڵەیە، چونکە ئەو پرۆسەیە مافی ھەموو تاکێکی کوردە بەبێ جیاوازی و خەڵک بڕیاری لەسەر دەدات، نەک لایەنەکان، بۆیە ئەوەی وا بیر دەکاتە، خۆی زیانباردەبێ و بە خراپ بە سەریدا دەشکێتەوە، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی نیشتمانییە و پێویستە ھەمووان پشتیوانی بین.''

(د. دۆسکی) گوتی: ''زیاتر لە ٣٢ لایەنی سیاسی بە پێکھاتەکانیشەوە بڕیاریان لەبارەی ڕیفراندۆمەوە داوە و پشتگیرییان کردووە، بۆیە ناتواندرێت، باس لەوە بکرێت، کە پرۆسەکە حزبییە، چونکە زۆرینەی لایەنەکانی ھەرێم لەگەڵ ئەو پرۆسەیەدان و ئەوانەی لەگەڵی نین، خۆیان ئەو بڕیارەیان داوە، کە پەراوێز بخرێن، دەنا ئێستا دەتوانن پشتگیری لەو پرۆسەیە بکەن.''

(دۆسکی) ڕایشیگەیاند: ''خەڵکی ھەرێمی کوردستان زۆر ھۆشیارە و بە حەماسەوە بەشداری لەو پرۆسەیەدا دەکەن و بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆیان دەدەن و بۆ جیھانی دەسەلمێنن، کە دەیانەوێت بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بۆیە پرۆسەی ڕیفراندۆم سەرکەوتوو دەبێت.''
kdp-
Top