سەرۆک بارزانی: بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە

 	 سەرۆک بارزانی: بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە و جەختیشی لەوە كردەوە كە كوردستان دوور لە توندوتیژی و بە سوودوەرگرتن لە ئامرازی ئاشتیانە و حیوار و لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كار بۆ پیادەكردنی مافەكانی دەكات.

ڕۆژی دووشەممە 19ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە (سەلیم جبووری) سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك پارلەمانتار و نوێنەری كوتلە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

لە دیدارەكەدا كە (فازڵ میرانی) سكرتێر و (د. ڕۆژ نوری شاوێس) و (ئازاد بەرواری) و (مەحمود محەمەد) ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و شەڕی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای داعش و ڕەوشی ناوچە ئازادكراوەكان و بارودۆخی ئاوارەكان تاوتوێ كرا، هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هاوكێشە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پارلەمانی عێراق.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە ڕیفراندۆم و ئاییندەی كوردستان و دەوڵەتی عێراق خرایە بەر باس و گفتوگۆ و (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی پێشێلبوونی دەستوور و شەراكەت و تەوافوق لە عێراق ئاماژەی بەوەدا كە بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان بڕیارێكی بێ گەڕانەوەیە و جەختیشی لەوە كردەوە كە كوردستان دوور لە توندوتیژی و بە سوودوەرگرتن لە ئامرازی ئاشتیانە و حیوار و لێكتێگەییشتن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كار بۆ پیادەكردنی مافەكانی دەكات.
kdp-
Top