محەمەد ئەمین پێنجوێنی: ئەوەی ویژدانی ھەبێت دژی سەربەخۆییی کوردستان نابێت
کەسایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، (محەمەد ئەمین پێنجوێنی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پرۆسەی ڕیفراندۆم وەکو دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد هەڵکەوتووە، بۆیە ھیوادارین ھەموو لایەنە سیاسییەکان پشتگیری لێ بکەن، بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بێنێت و ببێتە کارتێکی فشار بۆ ئەوەی ھەرکاتێک داوای جیابوونەوە و سەربەخۆییمان لە بەغدا کرد، بەکاری بێنین.''
(محەمەد ئەمین پێنجوێنی) گوتی: ''بڕوا ناکەم، کەسێک ویژدانی ھەبێت، کە بچیتە بەردەمی و پێی بڵێیت سەربەخۆییت دەوێت، یان لەگەڵ عێراق دەبیت، بڵێت سەربەخۆییم ناوێت.''
(پێنجوێنی) دەڵێت: ''ئەوەی بڵێت سەربەخۆییم ناوێت ھەڵەیەکی مێژوویی دەکات دەربارەی ویژدانی خۆی و میللەتی کورد.''
(پێنجوێنی ) ڕوونیشی کردەوە: ''ھەر میللەتێک مافی خۆیەتی لە ڕووی یاسایییەوە داوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکات، بۆیە ئەگەر میللەتی کورد و لایەنەکان یەکھەڵوێست و یەکگرتوو بن، ئەو ڕیفراندۆمە سەرکەوتوو دەبێت و دەوڵەت و میللەتانیش پشتگیریمان لێ دەکەن.''
kdp-
