هەورامی: سەربەخۆییی کوردستان ناوچەکە سەقامگیر دەکات

 هەورامی: سەربەخۆییی کوردستان ناوچەکە سەقامگیر دەکات
ئەمڕۆ لە پیرمام (هێمن هەورامی)، بەرپرسی بەدواداچوونی کارە سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکانی مەکتەبی سەرۆک، پێشوازی لە (سەرکان کیرامان ئۆغڵوو)، جێگری کونسووڵی تورکیا لە هەولێر و (ئورهان ئۆنلوو)، یاریدەدەری کونسووڵ کرد و لە دیدارەکەدا ڕوونی کردەوە، کە سەربەخۆییی کوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیربوونی ناوچەکە.

(هەورامی) دواپەرەسەندنە سیاسییە نێوخۆیی و ناوچەییەکانی بۆ جێگری کونسووڵ و یاریدەدەرەکەی شی کردەوە و ستراتیژیی (سەرۆک بارزانی) و پارتیشی لەوبارەوە بۆ خستنەڕوو. سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم (هەورامی) گوتی، ڕەوشی ڕابردووی هەرێمی کوردستان سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بووە، کە لەگەڵ عێراقبوون تەنیا نەهامەتی و ناسەقامگیری پێوە بووە، بۆیە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ئایندەی خەڵکی کوردستانی عێراق خۆیان دەستنیشانی بکەن، بۆ ئەمەش تاکە چارە ڕیفراندۆم و وەرگرتنی قسەی کوردستاننشینانە بۆ بڕیاردان. (هەورامی) گوتیشی، سەربەخۆییی کوردستان دەبێتە دەرچەیەک بۆ ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ، گەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کوردستانی عێراق بە هۆی سەربەخۆنەبوونییەوە هەندێک جار هەڕەشە بووە بۆ وڵاتانی دراوسێ، ئێمە دەمانەوێت ئەمە ڕاست بکەینەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا (هەورامی) باسی لە گرینگیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرد و پێی وابوو بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی نێوانیان بە مانای سەرکەوتنی هەردوو لایە، چونکە بەرژەوەندیی درێژخایەن و کلتووری هاوبەش لە نێوانماندایە.

هەردوو لا تەئکیدیان لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانیان کردەوە و هیوای بەردەوامی لەم جۆرە پەیوەندییانەیان خواست.
kdp-
Top