کۆمەڵە و سەندیکاکان؛ پێویستە لایەنەکان یەکدەنگ بن بۆ سەرخستنی ڕیفڕاندۆم

 کۆمەڵە و سەندیکاکان؛ پێویستە لایەنەکان یەکدەنگ بن بۆ سەرخستنی ڕیفڕاندۆم
- بە مەستی خۆئامادەکردن بەرەو پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم ژمارەیەک کۆمەڵە و سەندیکای پیشەیی لە ھەولێر کۆبوونەوە و دوای دانوستان لەسەر پرسەکە، داوایان کرد ھەرچی زووە لایەنە سیاسییەکان ناکۆکیی نێوانیان وەلا بنێن و بە یەک دەنگ پشتگیری لە سەرخستنی ڕیفڕاندۆم بکەن.

ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراو و کۆمەڵە و سەندیکا پیشەیییەکان پڕێنس کۆنفڕانسێکیان دەربارەی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم ئەنجام دا و تێیدا داوایان کرد، لای ھەموو لایەک ئەو ڕاستییە بەرجەستە بووە، کە کوردستان بە قۆناغێکی ھەستیاردا دەرباز دەبێت و ناوچەکە لە سەروبەندی گۆڕانکاریی گەورەدایە، لەبەر ئەوە پێویستە بەوپەڕی بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکە بکرێت، گەلی کوردستانیش چەندین ساڵە لەپێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی تێدەکوشێت و بەتایبەت لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە خەباتی بۆ ئازادی کردووە و ئێستاش دەرفەتی لەبارە ھاتووەتە پێش و دەبێ بە ھەموو لایەک ھەوڵی سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بدەین، کە ڕیفڕاندۆم ھەنگاوی بەرایی و یاسایییە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

سەندیکا و کۆمەڵەکان ئەوەشیان خستەڕوو، پێویستە ھەموو لایەک پشتگیری لە ڕیفڕاندۆم بکەن، چونکە پڕۆژەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە و دەبێ ھەموو تاکێک خۆی بە خاوەنی بزانێت، ھەربۆیە بە پێویستی دەزانین ھەموو لایەنەکان ناکۆکیی سیاسیی نێوانیان وەلا بنێن و لەسەر پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی یەکدەنگ بن، ھەروەھا لەپێناو بەدیھێنانی ئەو ئامانجەدا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری جددی بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییانی بکات.
kdp-
Top