چاودێرانی سیاسی: پەلاماری بارەگاکانی پارتی نەدرایە ڕێگە لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد نەدەگیرا

 چاودێرانی سیاسی: پەلاماری بارەگاکانی پارتی نەدرایە ڕێگە لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد نەدەگیرا
چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە بەشێکی سەرەکیی هۆکارەکانی ڕێگە گرتن لە گەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ هەولێر، پەیوەندی بە پەلاماردانی بارەگاکانی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە سلێمانییەوە هەبووە و بۆ ڕێگە گرتن بووە لە گواستنەوەی ئەو کێشەیە بۆ ناوچەکانی دیکە.



دلێر محەمەد شەریف، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، ڕاگەیاند: ”کۆمەڵێک گرفتی سیاسی ھەیە لەنێوان حزبەکان لە ھەرێمی کوردستان کە ھۆکاری سەرەکین لە دروستبوونی ئەم قەیرانانە، تاکو ئێستا حزبەکان نەیانتوانیوە لەوە تێبگەن کە سیستەمی دیموکراتی و یەکتری قەبوڵکردن دواجار خزمەت بە خەڵکی دەکات“.



لەبارەی هۆکارەکانی داخستنی پەرلەمانی کوردستان، دلێر حەمە شەریف کە ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان بووە، گوت: ”کاتێک گرفت لە سلێمانی دروست بوو، هەوڵی جددی درا ئەو گرفتە نەگوازرێتەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بەشێکیش پەیوەندی بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ھەبوو کە لایەنەکان رێک نەدەکەوتن لەسەری، بەتایبەت لە دوا کۆبوونەوە کە دەبوو ڕێککەوتن بکرێت لەنێوان پێنج حزبەکە، بۆ ئەوەی ئەو دانیشتنەی ئاخیری تێپەڕێنن".



ئەوەشی خستە ڕوو کە بەشێکی هۆیەکانی داخستنی پەرلەمانی کوردستان پەیوەندی بە دۆخی ئەوسای ”سلێمانی“یەوە هەبووە.



لەلایەکی دیکەوە محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی لیستی پارتی گەشەپێدانی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: ئەگەر ھێرش نەکرایە بۆ سەر بارەگاکانی پارتی لە سلێمانی، هەروەها ئەو ڕێککەوتنەی کە پارتی لەگەڵ گۆڕان هەیبوو بۆ کارکردنی بە تەوافوق لەسەر پرسە سەرەکییەکان، ئەوا پارتی ڕێککەوتنەکەی هەڵنەدەوەشاندەوە“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کاتێک ”ئەو ڕووداوانەی سلێمانی ڕووی دا، کاردانەوە دروست بوو، چونکە لەگەڵ ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی، پێشووتریش پارتی ئاگاداری گۆڕان و لایەنەکانی دیکەی کردبووەوە کە نابێت کۆبوونەوەی پەرلەمان بەبێ تەوافوق بەڕێوە بچێت“.



پێشتر د. مەدحەت سلێمان، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکیدا ڕای گەیاند کە ڕێگە نەدان بە هاتنی یوسف محەمەد بۆ هەولێر، بۆ ئەوە بووە کە ئەو دۆخە ناهەمووارەی ئەو کاتە لایەنگرانی گۆڕان لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە دروستیان کردبوو و ”بارەگاکانی پارتییان دەسووتاند و هەڕەشەی سووتاندنی بارەگای حزبەکانی دیکەیان دەکرد“، بۆ هەولێر و ناوچەکانی دیکە نەگوازرێتەوە.




باسنیوز
Top