فەلاح مستەفا: رای گشتیی نێودەوڵەتی پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان دەکات
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکیەوتنێکی ئاژانسی (سپۆتنیک)ی رووسی، رایگەیاندووە، گەلی کوردستان ناخۆشیی زۆری بینیوە و پێویستی بە چارەسەرێکە، ”ریفراندۆم دەروازەیەکە بۆ کۆتایی هێنان بە ناخۆشییەکان“.
فەلاح مستەفا، کە ئاژانسەکە وەک ”وەزیری دەرەوەی کوردستان“ ناوی هێناوە، بە ئاماژەدان بەوە هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە بەشێک بێ لەعێراق و مافەکانی وەربگرێت، بەڵام بەرپرسانی بەغدا ”ئامادە نەبوون“ مافەکانی گەلی کوردستان بدەن، داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە رێز لە ”ویستی گەلی کوردستان“ بگرێت لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ”چارەسەری کێشەکانە نەک خۆی کێشە بێت“ و تەنیا گەلی کوردستان بڕیاری کۆتایی بە دەستە لە ئەنجامدان یان نەدانی ریفراندۆم.
فەلاح مستەفا دڵنیایی داوەتە گەلی کوردستان، کە رای گشتیی نێودەوڵەتی بە گشتی ”پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان و ویستی گەلی کوردستان دەکات“ و رایگەیاندووە، “لە هەڵوێستی وڵاتانیش تێدەگەین“، کە بەهۆی بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ”پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی“ بە ئاشکرا پشتگیریمان ناکەن.
باسنيوز
