له سلێمانی بەهۆی دیارنەمانی نزیکەی ملیارێک دۆلار خۆپیشاندانی ژمارەیەک بازرگان دەستی پێ کرد
سیروان محەمەد، یەکێکە لەو ھاووڵاتیانەی بەناوی بۆڕسەوە پارەیەکی زۆری خوراوە، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەو کۆمپانیایانە ھیچ مۆڵەتێکیان نییە و بە شێوەیەکی نایاسایی کاری ئاڵوگۆڕکردنی دراو و بۆڕسە دەکەن، ئێمەی ھاووڵاتیان بەھۆی فرتوفێڵی ئەو دوو کۆمپانیاوە، ڕووبەڕووی زیانێکی ئێجگار زۆر بووینەتەوە و داوای وەرگرتنەوەی مافی خۆمان دەکەین.
گوتیشی: "بۆیە ھاتووینەتە بەردەم بنکەی پۆلیسی ڕزگاری بۆ ئەوەی بەڕێوبەری بنکەکە بڕیاری داخستنی ئەو دوو کۆمپانیایە بدات، بێگومان ئەگەر ئەو بڕیارە دەرنەکات، ئێمە ناچارین بڕۆینە بەردەم ئەو دوو کۆمپانیایە و خۆمان دای بخەین و شووشەی پێوە نایەڵین".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو دوو کۆمپانیایە ھیح مۆڵەتێکی یاساییان نییە و ئەوان بە شێوەیەکی نایاسایی کار دەکەن و بەناوی بۆڕسەوە، گیرفانی خەڵکی دەڕووتێننەوە، بێگومان لە ماوەی ڕابردوودا ئەو دوو کۆمپەنیایە نزیکەی ملیارێک دۆلاری ئەم خڵکەیان خواردووە، دواتر دەستگیر کراون، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک ئازاد کراون، ئێستاش نزیکەی ملیارێک دۆلای ھاووڵاتیان بە نادیاری ماوەتەوە".
باسنیوز
