چاودێرانی سیاسی: وڵاتان ددان بە ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستاندا دەنێن

چاودێرانی سیاسی: وڵاتان ددان بە ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستاندا دەنێن
چاودێرانی سیاسی و لایەنەكان، باس لەوە دەكەن كە پێویستە ھەموو لایەك پێكەوە بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆمدا بكەن و لەو پرسەدا یەكڕیز بن. جەختیش دەكەنەوە، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی ھەرێمی، ددان بە ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستاندا دەنێن.



ئێمە دەوڵەتی كوردی ئامانجمانە

(د. محەممەد بازیانی) سەرۆكی پارتی بزاڤی چاكسازی و گەشە لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، پێویست ناكات پرس بە كەس بكەین و ویست و ئیرادەی خۆمانە، چونكە ئاو و خاكی خۆمان جیایە لە ئاو و خاكی میللەتەكانی دیكە، جا بۆیە ئێمەیش مافی خۆمانە و دڵنیایشم ئەو ریفراندۆمە سەركەوتن بە دەست دێنێت و زۆرینەی خەڵكی كوردستان بە (بەڵێ) دەنگی بۆ دەدەن".
(بازیانی) ڕوونیشی كردەوە، "ئەو لایەنانەی كە تێبینییان ھەیە، باوەڕم وایە ئەوانیش رازی دەبن، چونكە ئەمە مافێكی رەوا و نیشتیمانیی گەلی كوردە، بۆیە پێویستە ھەمووان دەست لەناو دەست بین و بەیەكەوە بەشداری لەو ریفراندۆمەدا بكەین".
سەرۆكی پارتی چاكسازی و گەشە لە ھەرێمی كوردستان دەشڵێت، "ئێمە دەوڵەتی كوردی ئامانجمانە و لەو سەردانانەی ئەم دواییەیشم بۆ ھەندێك وڵات، لەوانە توركیا كە لەگەڵ كەسە نزیكەكانی سەرۆككۆمار كۆ بوومەوە، باسیان لەوە كرد كە ئەگەر دەوڵەتی كوردی دروست ببێت، ددانی پێدا دەنێن و مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، ئەمەیش جێگای خۆشحاڵییە، جگە لەوە، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبییش ددان بە دەوڵەتی كوردیدا دەنێن، چونكە ھەرێم وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە نەوت و غاز".
(د. بازیانی) راشیگەیاند، "ئێمە پێویستە ددان بە خۆماندا بگرین، چونكە لە كۆتاییدا ھەموو وڵاتان ددان بە سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستاندا دەنێن" .



یەكھەڵوێست و یەكڕیزی، دەستكەوتی زیاتر دەستەبەر دەکات

ھەر لەم بارەیەوە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی (ھەندرێن ئەحمەد)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە مێژووی كورددا ھەر كاتێك یەكھەڵوێست و یەكڕیز بووبین، توانیومانە دەستكەوتی زیاتر بە دەست بێنین و سەركەوتوو بین لە ھەموو پرسێكدا، بۆیە ئێستایش كە وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری كراوە، پێویستە ھەموو لایەنەكان یەكڕیز بن و پێكەوە بەشدار بین".
(ھەندرێن ئەحمەد) گوتیشی، "لە كاتی ڕووخانی رژێمی بەعس و نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق، یەكھەڵوێستیی كورد وای كرد دەستكەوت بۆ كورد بە دەست بێت و مافەكانی كورد لە دەستووردا جێگیر بكرێن، بۆیە ئێستایش كە بەرەو ریفراندۆم دەچین و پرسێكی نیشتیمانییە، ئەمەیش پێویستی بە یەكڕیزی ھەیە".
ڕوونیشی كردەوە، "لە ھەرێمی كوردستان كە لە قۆناغی رزگاریی نیشتیمانیداین، پێم وایە پێویستە تا ئەوپەڕی نەرمی لەگەڵ یەكتری بنوێنین و ناكرێت دژایەتیی داخوازییەكی نیشتیمانی بكەین و پێویستە یەكڕیز و یەكھەڵوێست بین".

هاوكات چاودێری سیاسی (د. حەمید باڤی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "میللەتی ئێمە قوربانیی زۆری داوە و خەباتی زۆری كردووە لە پێناو بەدەستھێنانی مافەكانیدا تا بگاتە ئامانجی خۆی كە ئەویش سەربەخۆبوونە، بۆیە ئێستا كە ھەرێمی كوردستان ریفراندۆم دەكات و پرسیار لە خەڵك دەكەن ئێوە ئەو ھەموو قوربانییەتان داوە و خەباتتان كردووە، داوای چی دەكەن، بۆیە میللەت رای خۆی دەدات بەوەی كە داوای چی دەكات، لەبەر ئەوەی پێویستە ھەموو لایەك پشتگیری لە خەڵك بكات تا ئەو ریفراندۆمە سەركەوتوو بێت".
(باڤی) گوتیشی، "دوژمانی كورد رەنگە ھەوڵی زۆر بدەن و پیلان دابنێن بۆ رێگریكردن لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەكان یەكڕیز بن تا بتواندرێت ئەو پرۆسەیە سەركەوتووانە ئەنجام بدرێت".
kdp-
Top