شاخەوان عەبدوڵڵا: گەندەڵییەكی یەكجار زۆر لە نێو حەشدی شەعبیدا هەیە
(شاخەوان عەبدوڵا)، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''(حەیدەر عەبادی)، سەرۆكوەزیرانی عێراق، شكستی هێنا لە جێبەجێكردنی یاسای حەشدی شەعبی و نەیتوانی لە چوارچێوەیەكی ڕێكخراودا كۆیان بكاتەوە. ئیمە بەدواداچوونمان كردووە و بۆمان دەركەوتووە لیستی ناوەكانیان گەندەڵییەكی زۆری تێدایە. ئێستا هەر چەند كەسێك و سەر بە فەسیلەیەكن و هەر فەسیلەیەكیش سەر بە حزبێكە. خۆ ئەگەر بێت و لە نێو چەند لیوایەكدا كۆ بكرێنەوە، ئیدی ئەو چەكدار و فەسیلانە سەر بە حزبەكانیان نابن و ڕێك دەخرێن. بۆیە سەرانی حەشد لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای حەشدی شەعبیدا نین.''
(شاخەوان عەبدوڵا) ڕوونی كردەوە: ''بە جێبەجێكردنی یاسای حەشدی شەعبی ژمارەی ڕاستی چەكدارەكانی ئەو گرووپ و چەكدارانەی حەشد دەردەكەوێت. بۆ نموونە، یەكێك لە گرووپەكانی حەشد بەشی 60 هەزار كەس پارە و چەك وەردەگرێت، كەچی لەڕاستیدا تەنیا 20 هەزار چەكداری هەیە. گەندەڵییەكی یەكجار زۆر لە نێو ڕیزەكانی حەشدی شەعبیدا هەیە.''
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرای كرد: ''گرووپەكانی حەشدی شەعبی بۆخۆیان چەك لە ئێران دەكڕن و هەلیكۆپتەریشیان هەیە.''
(شاخەوان عەبدوڵا) ڕایشیگەیاند: ''هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لەگەڵ ئەوە نین، كە حەشدی شەعبی بكرێت بە دامەزراوە. لە لایەكی تریشەوە، بەشێك لە شیعەكان لەگەڵ بەدامەزراوەییكردنی حەشددا نەبوون و پێیان وایە جێی هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەگرێتەوە. ئەوەتا سەدرییەكان تا ئێستاش لەگەڵ بەیاساییكردنیان نەبوون، بەڵام لە ترسی هەڵبژاردن و بۆ ئەوەی دەنگی حەشد لە دەست نەدەن، ناچارن بەو هەموو بیسەروبەری و گەندەڵییە ڕازی بن.''
kdp-
