چاودێرێکی بواری ئیسلامیی سیاسی: کۆمەڵ خۆی لەسەر بەرەی ئێران و مالیکی یەکلا کردووەتەوە
بەپێی زانیارییەکان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان دەیەوێت خۆی لەبەرەی ئیسلامییەکان بکشێنێتەوە، خۆی لە بزووتنەوەی گۆڕان و هەوادارانی ئەو بزووتنەوەیە کە ئێستا بێ ڕێکخەری گشتین، نزیک بکاتەوە.
لەمبارەیەوە سەرگوڵ قەرەداغی، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان کە ئێستا خۆی بە چاودێرێکی سیاسی پێناسە دەکات، بە ڕایگەیاند: ”ئیسلامییەکان ھەریەکیان سەر بە قوتابخانەیەکی جیاوازن، بنەمای کارکردیان جیاوازە لەگەڵ یەکتری، لەسەرووی ھەموویانەوە بەرژەوەندیی ھەندێک کەسایەتی لەناو ئەم لایەنانە ڕێگرە لەوەی ھەموویان ببنە یەک ئاراستە".
لەبارەی خۆنزیککردنەوەی کۆمەڵی ئیسلامی لە گۆڕان، سەرگوڵ قەرەداغی گوتی: ”کۆمەڵ مافی خۆیەتی بەو جۆرە سیاسیەت بکات کە خۆی دەیەوێت، بەڵام لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە لەگەڵ گۆڕان جیاوازن، ھەڵوێستی سیاسیی کۆمەڵ و گۆڕان ڕەنگە ھۆکارێک بووبێت بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی ھەبێت لەسەر کاری ڕاگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامی و پێیان وابێت لەسەر یەک هێڵ کار دەکەن“.
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەموو ئەوانەی لەنێو کۆمەڵ دان، هاوڕا نین لەسەر ئاراستەی کارکردنی حزبەکە و گوتی: ”مەرج نییە لەناو کۆمەڵ ھەموویان بەیەک بیروبۆچوون کار بکەن، پێ دەچێت بۆچوونی جیاواز ھەبێت، کەسانێک هەن ئەوەیان پێ باش نییە کە کۆمەڵ و گۆڕان لەسەر یەک هێڵ بن و رەنگە پێیان نامۆبێت، بەڵام لە کۆتایدا بۆچوونی زۆرینە دەخوات کە زۆرینەی لەگەڵ ئەو بۆچوونەن کە کۆمەڵ ئاوا سیاسەت بکات".
لەلایەن خۆیەوە سۆران سێوکانی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە بواری ئیسلامیی سیاسی، ڕایگەیاند: ”کۆمەڵ لەسەرەتاوە گاڵتەی بە یەکڕیزیی ئیسلامی ھاتووە، لە کاتی ناشتنی نەوشیروان مستەفا (هۆی ها) لە سەڵاحەدین بەھادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کرا، بەڵام عەلی باپیر وەک پاڵەوان خۆی نیشان دا، لەجیاتی ئەوەی خەڵک بە ئاراستەیەکی دیکەدا ببات، وای نیشان دەدا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەو دان، ئێستاش لەخۆیان بایی بوون، واھەست دەکەن جەماوەریان زیادی کردووە، بۆیە نایانەوێت بچنە بەرەی بزووتنەوە و یەکگرتووەوە".
سێوکانی ئەوەی نەشاردەوە کە کۆمەڵ لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە دەیەوێت ھەڵوێستی سیاسیی خۆی ”بخاتە بازاڕەوە“ کە گوایە لە ئیسلامییەکانی دیکە نیشتمانپەروەرتر و باشترە، لە کاتێکدا ”پڕۆژەی دەوڵەت پێشووتر کۆمەڵی ئیسلامی پشتیوانی لێ کردووە، بەڵام ئیستا 180 پلە گۆڕانی پێوە دیارە، ھۆکارەکەی ئەوەی کە خۆیان بۆ بەرەی مالیکی و ئێران یەکلا کردووەتەوە و ڕەنگە ئیعازیشیان پێ درابێت، ئەگەرنا ھێرشی ڕاگەیاندنیان بۆ لەسەر ڕیفراندۆم خەست کردووەتەوە؟ ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە مالیکی دەیەوێت یاری بە کۆمەڵ بکات".
پێشتر (باسنیوز) لە ڕاپۆرتە هەواڵێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەوڵەکانی هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێک کە ئەو دوو لایەنە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و سەرچاوەی بێ بنەماش ”بۆ چەواشەکردنی خەڵک“ لە دژی ڕیفراندۆم بەکار دەهێنن.
باسنیوز
