ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیفراندۆمی کوردستانی تاتوێ کرد

 ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕیفراندۆمی کوردستانی تاتوێ کرد
هاوکات لەگەڵ 35مین خۆلی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ، لە ڕۆژانی 9، 12، 13، 14، 14 و 16ی ژۆئەن (حوزەیران)ی 2017، چەند کونفرانسێک سەبارەت بە بارودۆخی نەتەوە بندەستەکان و مافی چارەی خۆنووسینی ئەو نەتەوانە، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بەڕێوە چوون و پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانیش باس کراوە.

لەو زنجیرە کۆنفرانس و دانیشتنانەدا لە چواچیوەی سی و پێنجەمین کۆڕی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوە چووە کە ماوەی یەک هەفتەی خایاندووە، لەلایەن شاندێکی هەرێمی کوردستان و "ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ" کۆمەڵێک بابەت و پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریا خراونەتە بەرباس.


دەقی راپۆرتەکە:

ئەو کونفرانسانە لەلایەن 16 ڕيکخراوی جیهانی و (ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ)ەوە ڕيک خرابوون و تەرخان کرابوون بە چەند بابەتی سەرەکی وەکوو ''مافی دیاریکردنی چارەنووس''، ''مافەکانی نەتەوە بندەستەکان''، ''مافەکانی ژنانی گەلانی بندەست''، ''مافی خوێندن لەژێر داگیرکاریدا، ''مافی مرۆڤ لە ئێران و کەمایەتییە نەتەوەییەکان'' و ''کەمایەتیە ئایینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست''.

لە یەکەم کۆنفرانسدا کە لەژير ناوی ''مافی گەلانی بندەستکراو''دا لە ڕۆژی ٩ی ژۆئەن (‌‌حوزەیران) بەڕێوە چوو، لەلایەن نوێنەری ناوەندی زاگرۆس لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە باسێکی تێروتەسەل لەمەڕ دابەشکاری و داگیرکاری لە هەر چوار پارچەی کوردستان پيشکەش کرا.

لەو کۆنفرانسەدا بەشداربوانێک لە گەلانی دیکەی وەکوو تامیل، سە‌حراییەکان، چەند گەلێکی دیکە و چەند ڕيکخراوێکی نێونەتەوەیی بە نۆرەی خۆیان بابەتی داگیرکاری، کوشتاری بەکۆمەڵ و کێشەکانی پەیوەست بە داگیرکارییان پيشکەش کرد.

هاوکات داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا تا بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێۆنەتەوەییەکان، هەوڵی پشتگری ئەو گەلانە و سڕینەوەی داگیرکاری بدات.

لە کۆنفرانسێکی دیکەدا کە ڕۆژی دوازدەی مانگ لەژێر ناوی ''مافەکانی مرۆڤ و کەمایەتییە ئایینییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست'' بەڕێوە چوو، نوێنەرانێک لە کەمایەتییە ئایینییەکانی ناوچەکە؛ ئێزیدی، بەهایی، کریستیەن، عەلەوی، باسێکیان سەبارەت بە بارودۆخی پەیڕەوانی ئایینەکەیان لە هەرکام لە وڵاتانی ئێران، عێراق، سووریا، لوبنان و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە پێشکەش کرد.

لەو کۆنفرانسەدا دکتۆر محمەد قادر محەمەد هاودیانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەریمی کوردستان، بەشدار بوو و بابەتێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە بارودۆخی کەمایەتییەکان لە هەریمی کوردستان و عێراق پێشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا داوای پشتگری زیاتری بۆ هەریمی کوردستان وەکوو تەنیا هەریمی پارێزەری کەمایەتییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، هاوکات ئەمیر سڵێوە دۆخی مەسێحییەکانی عێراق و هەریمی کوردستانی شی کردەوە. لە دواییدا نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان بارودۆخی کەمایەتییە ئایینییەکانی لەو وڵاتە خستە بەرباس و ڕەخنەی ئاراستەی ئێزدییەکان کرد و بەهۆی ڕەخنەکردنی حکوومەتی ناوەندی بە نەپاراستنیان لە بەرامبەر کۆمەڵکۆژیدا.

لە کۆتاییدا پەیامێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی شۆرای مافەکانی مرۆڤ کرا بۆ بەدواداچوونی زیاتری بارودۆخی کەمایەتییە ئایینییەکان و کاراترکردنی سیستمی پاراستنیان.

لە ڕۆژی ١٣ی مانگدا کۆنفرانسی ''مافەکانی ژنانی گەلانی بندەست'' بە بەشداریی ژنانی چەند گەلێکی داگیرکراو ڕێک خرا. لەو کونفرانسەدا خاتوو ڕووخوەش شێرۆ بە نۆێنەرایەتی ژنانی کورد و خاتوو نوورهای سۆنگۆل تارای بە ناوی ژنانی ئێزدییەوە قسەیان کرد. هەر دوو ناوبراو لە باسەکەیاندا باڵیان کێشایە سەر داگیرکاری و ئاکامە تاڵەکانی داگیرکاری، هەروەها باسی نەهامەتییەکانی گەلی کورد و ئێزدییەکانیان کرد. هەروەها فیلمێکی دوکیومێنتاری لەبارەی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو کرایەوە و سەرنج و هەستی زۆر لە بەشداربوانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

ژنانی تامیل و سەحراویش کە هاودەردییەکی تەواویان بۆ ژنانی کورد هەیە، بارودۆخی خۆیانیان لە سەردەمی داگیرکاریدا هێنایە بەرباس و داوای نیزیکایەتی و هاوکاریی زیاتری ژنانی گەلانی ژێردەست و داگیرکراویان کرد. داواشیان لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پابەند بن بەو بەندانەی کە پەیوەستن بە مافەکانی گەلانی ژێردەست و هەوڵی بەهێزکردن و باشترکردنی بارودۆخی ژنانی ئەو گەلانە بدەن.

کۆنفراسنێکی دیکە لەژێر ناونیشانی ''مافی خوێندن لەژێر داگیرکاریدا''، لە ڕۆژی ١٤ی مانگی ژوەن (حۆزەیران)ی ٢٠١٧دا بۆ خوێندکارانی گەلانی داگیرکراو و بندەست پێکهێنرا.

لەو کونفرانسەدا چەند خوێندکاری کورد لە باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستانەوە لەلایەن ناوەندی زاگرۆسەوە بەشداری کونفرانسەکە کرابوون. هەرکام لە خوێندکارانی بەشداربوو توانیان لەو دەرفەتەدا بارودۆخی خوێندکاران و کێشەکانی بەردەم خوێندن و فێرکاریان لە هەر سێ پارچەی کوردستان بهێننە بەرباس. کاک خەسرەو موستەفانەژاد، بابەتێکی لەسەر کێشەکانی خوێندکارانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێشکەش کرد و کۆسپەکانی سەر ڕێگای خوێندن بە زمانی زگماکی و ئامادە نەبوونی حکوومەتی ئێران بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی خۆی لەو بارەوە بە ئامادەبووان ڕاگەیاند.

ناوبراو هەروەها کەمبوونی ئیمکانات و پێویستییەکانی خوێندن و فێرکاری لە ناوچە کوردنشینەکان هێنایە بەرباس و وەکوو نموونەیەک بۆ کەمتەرخەمییەکانی حکوومەتی ئێران لە بەرامبەر خوێندکارانی ئەو ناوچانە، ڕووداوی خوێندنگەی کچانی "شیناوێ"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستە بەرچاوی ئامادەبوان.

لە درێژەی کونفرانسدا هەروەها شیلان تۆرگۆت و لاچین ماسلەمانی بارودۆخی خوێندکارانی باکوور و ڕۆژاوای کوردستانیان هێنایە بەرباس و داگیرکارییان وەکوو هۆکاری سەرەکی بۆ دابەزینی ژمارە و ڕادەی خوێندەواری لەنێو گەلی بندەستکراوی کورد دا زانی و داوای پشتگیری نێونەتەوەییان بۆ خەباتی گەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان کرد.

لە کوتایی کۆنفرانسەکەدا پەیامێک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرگانە پەیوەستەکانی ئەو ڕێکخراوەیە کرد هەتاکۆ هەنگاوی جیددی بنێن بۆ ئاسانکاری لە خوێندن بە زمانی زگماکی و لەو بارەوە گۆشاری زیاتر بخرێتە سەر حکوومەتە داگیرکارەکان.

دوو کۆنفرانسی دیکە لەژێر ناونیشانی ''مافەکانی مرۆڤ و کەمایەتییەکانی ئێران'' هەر وەها ''مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین'' لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و لە ڕۆژی ١٥ی مانگدا پێک هێنرا. لە کۆنفرانسی یەکەمدا کە تایبەت بە کەمایەتیەکانی ئێران بوو نوێنەرانی بەشێک لەو کەمایەتیانە بەشداربوون و باڵیان کێشا سەر کێشە و گرفتەکانی خۆیان لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا.

خاتوو سەعیدە بەنی توروف، چالاکی عەرەبی ئەهوازی، دوای پێشکەشکردنی بابەتێکی تێروتەسەل لەبارەی بارودۆخی هەموو کەمایەتییەکانی ئێرانەوە، باڵی کێشایە سەر بارودۆخی گەلی عەرەبی ئەهوازی و هەموو نەهامەتییەکان و کێشەکانی گەلەکەی خۆی هێنایە بەرباس.

ناوبراو تەنیا چارەسەری بۆ کۆتایی هێنان بە نەهامەتییەکانی گەلانی ئێران و گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین، یەکگرتوویی و یەک ستراتیژیەتی ئەو گەلانە زانی. لە بڕگەیەکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا هەرکام لە بەڕێزان بابان ئەلیاسی نۆێنەری ناوەندی زاگرۆس لە نەتەوە یەکگرتووەکان، خاتوو شوعلە زەمینی و خاتوو دیانا عەلایی دۆزی کەمایەتییەکانی کورد، بەلووچ، بەهاییەکان و ژنانی ئێرانیان خستەڕوو و چەند بەڵگەی ئاماریش لەو بارەوە پیشان دران.

لە هەمان ڕۆژدا و لە کۆنفراسی ''مافی دیاریکردنی چارەنووسدا'' نوێنەرایەتی ناوەندی زاگرۆس لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بوو و دوای پێشکەشکردنی باسێکی میژوویی لە سەر دابەشبوونی کوردستان، بارودۆخی ئێستای هەر پارچەی خستەڕوو و ئامانجە سیاسییەکانیشی ڕوون کردەوە. لە دريژەدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەریمی کوردستان کە بەشداری کونفرانسەکە بوو، ڕوونکردنەوەی زیاتری لەمەڕ دواپێشهاتەکان و داخوازەکانی گەلانی کوردستان بە گوێی بەشداربوان گەیاند و ویستی حکوومەتی هەریمی کوردستانیشی بۆ جێبەجێکردنی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمەکە، پێیان ڕاگەیاند و داوای پشتگری نێۆنەتەوەیی بۆ پڕۆسەکە و ئاکامەکانی کرد.

لە کۆتاییدا گەلان و نوێنەرانی ڕێکخراوە بەشداربووەکان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و نووسراوەی ''ئێمە پشتگیریی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی هەریمی کوردستان دەکەین'' پشتگری خۆیان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی باشووری کوردستان دەربڕی.

لە ڕۆژی ١٦ی ژوەن (حۆزەیران)دا کۆنفرانسێکی دیکە لەژێر ناونیشانی ''مافی گەلانی داگیرکراو'' بەڕێوە چوو کە تێیدا نوێنەرایەتی زاگرۆس و وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وتاری خۆیان سەبارەت بە کورد و کوردستان و داگیرکاری ئەو گەلە و ئەو نەهامەتییانە کە بەسەر ئەو گەلەدا هاتووە دەربڕی و بۆ جارێکی دیکە داوای پشتگری نێونەتەوەییان بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد و گەلانی بندەستی دونیا کرد و هیوای خۆیان دەربڕی کە گەلی کورد بەو ئەزموونە تاڵەی کە لە داگیرکاری هەیەتی، ببێتە پشت و پەنای گەلانی داگیرکراوی دونیا.

پێویستە بگوترێ کە دکتۆر محمەد قادر محەمەد هاودیانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ‌حکوومەتی هەریمی کوردستان و ئەمیر سڵێوە، ڕاوێژکاری وەزیر، بۆ بەشداری لە کونفراسی ساڵیانەی ڕێکخراوی جیهانی کار هاتبوونە ژنێڤ و لەسەر داوەتی ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ بەشداری کونفرانسەکان بوون و وتاریان پێشکەش کرد و ژمارەیەک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکانی ئەندامی شۆرای مافەکانی مرۆڤ بۆ ڕێک خرا.

ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ

١٧/٠٦/٢٠١٧

جنێڤ












باسنیوز
Top