12 کەس بە تۆمەتی دزی لە سلێمانی دەستگیر دەکرێن
ئەمڕۆ یەکشەممە 18/6/2017، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ھاتووە: " بەپێی ماددەکانی (443)، (444) و (446) لە یاسای سزادانی عێراقی، لە ماوەی ھەفتەیەکدا و لەناو شاری سلێمانی، بەھۆی دزی جۆراوجۆرەوە، 12 تۆمەتبار دەستگیر کراون".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھێما بۆ ئەوە دەکات: "تیمەکانی پۆلیسی سلێمانی، توانییان 3 کەس دەستگیر بکەن، کە قاسەی ماڵێکیان دزی بوو، لە کاتی کردنەوە و شکاندنی قاسەکەشدا دەستگیر کران".
ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە 4 تاوانباری دیکە دەستگیر کراون، کە "دزییان لە ماڵاندا کردووە".
لە ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانیدا ئەوەش ھاتووە، کە دوو کەس بەھۆی "دزیکردن لە دووکانەکاندا"، دەستگیر کراون، 3 کەسی دیکەش بەھۆی "دزینی ماتۆرسکیلەوە" دەستگیر کراون.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە ئێستا سەرجەم تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بەپێی مادەی (443)، (444) و (446) لە یاسای سزادانی عێراقی بەندن.
باسنيوز
