ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکات
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک پشتیوانی خۆی بۆ ڕێفراندۆم لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
داوا لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و لایەنە سیاسییەکان حیزبەکان کرراوە، هەرچی زووتر کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بهێنن و بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان وەک سەرچاوەی یاسادانان و پابەندبوون بە یاسا و پێشاندانی مەدەنیەت و دێموکراسی کوردستانی باشوور، هەنگاوی پێویست لەو بارەوە هەڵبگرن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و مافی بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم و هەڵبژاردنی خودموختارانەی حاکمیەتی دەسەڵاتی سەربەخۆ و مافی سەرەتایی و بێ ئەملا و ئەولای خەڵکی کورد لە باشووری کوردستانە.
هەر قەوم و نەژاد و نەتەوەیەک خاوەنی مافی بنەڕەتی و گەرەنتیی دابینکردنی کەرامەت و بەرابەریی یەکسانی و ئازادییە کە دیاریکردنی ئەو مافە ئازادە دیاریکردنی بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی خودی حاکمیەتەکە، بە واتایەکی دیکە سەرەکیترین مافەکانی مرۆڤە کە بەشێک لە ماف و بەشێک لە ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، کە خەڵکی هەر کۆمەڵگایەک لەو ڕێگایەوە بتوانن لە دیاریکردنی مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان، لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی، لە بنیاتنانی دەسەڵاتی سیاسی، لە دروستکردنی قەوارەی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگەی خۆیان چاودێری بەسەر کار و کردەوەی بەرپرسانی حکوومەتی و دەوڵەتی، بەشداریی دێموکراتیکیان هەبێت.
لەو ڕووەوە خەڵکی کورد لە باشوور وەکوو قەوم و نەتەوەکانی دیکە دەبێ لە مافی دیاریکردن و بڕیاردان لە چارەی خۆنووسینی خۆیان ئیرادەیەکی ئازاد و هەڵبژاردنی خودموختارانە مافی سەڵاتی سەربەخۆیان هەبێ و گەرەنتیی دابینکردنی ئەو مافە دەبێت پشتیوانیی جیددی و هەمەلایەنەی خەڵکە ئازادیخواز و ئازادکراوەکانی جیهان و ویژدانە هەمیشە هوشیارەکانی جیهان لەخۆ بگرێت.
ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، مافی دیاریکردنی چارەی خۆنووسین و مافی سەروەری و مافی بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم بۆ کردەییکردنی ئەو پرسە و بەتایبەت مافی بونیادی و حاشاهەڵنەگری خەڵکی باشووری کوردستان دەزانێت. ئەم ڕێکخراوە لەو باوەڕە دایە کە نەتەوەی کورد بە ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆیان لە پرۆسەیەکی دێموکراتیک و لە ڕێگەی ڕێفراندۆمی ئازاد و دێموکراتیک و پابەند بە یاسا بە شێوازێکی تەواو ئاشتیخوازانە و بە مافی سەروەری و دەسەڵاتیان بەسەر چارەنووسی خۆیاندا هەبێت.
لەو ڕاستایەدا داواکارین بۆ دێموکراتیزەکردنی ئوسووڵی ژێرخانی پرۆسەی ڕێفراندۆم و پێشاندانی دێموکراتیکی هەڵبژاردنی خۆبەڕێوەبەڕیی دەسەڵاتی خەڵکی کوردستان لە باشوور، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وەکوو ناوەندێکی مەدەنیی "ڕۆژهەڵات" داوا لە سەرۆک و بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێم، هەروەها بەرپرسانی حیزبەکان و ڕیکخراوە سیاسیەکانی هەرێم کوردستان دەکات، هەرچی زووتر کۆتایی بە ناکۆکیەکانیان بهێنن و بۆ کردنەوە و کاراکردنی دووبارەی پەرلەمان وەک سەرچاوەی یاسادانان و پابەندبوون بە یاسا و پێشاندانی مەدەنیەت و دیموکراسیی کوردستانی باشوور، هەنگاوی پێویست لەو بارەوە هەڵبگرن.
ئەو ڕێکخراوەیە لە کۆتاییدا، بەردەوامی، ئازادی و ئاشتی و سەرکەوتن بۆ خەڵکی کوردستان دەخوازێ.
ڕێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان
1396/3/26ی هەتاوی
2017/6/16ی زایینی
bas news-
