لە پەرلەمانی عێراقەوە نووسراوێک ئاراستەی بارزانی دەکرێت
لە پەرلەمانی عێراقەوە نامەیەک بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەنێردرێت بۆ ئەوەی شەبەک بەشداری پێ بکرێت لە ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان.
بەپێی نوسراوێکی فەرمی لە پەرلەمانی عێراق، لە لایەن کوتلەی شەبەک بە ژمارە 62 لە 15/6/2017 دەرچووە و ئاراستەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کراوە، کە کۆپیەکی نوسراوەکە دەست کەوتووە، تێدا داواکراوە: "کوردانی شەبەکەکان بخرینە نێو لیستی بەشداربوانی ریفراندۆم".
لە نوسراوەکەدا کە لە لایەن سالم شەبەک، نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی عێراقی بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی ناردووە، تێدا ھاتووە: "داوا دەکەین رەزامەندی بفەرموون بۆ ئەوەی کوردانی شەبەک لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن ناویان تۆمار بکرێت، بۆ ئەوەی شەڕەفی ئەوەیان پێ بدرێت لە راپرسی رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 بەشداری بکەن".
کوردانی شەبەک، شوێنی نیشتەجێبوونیان لە سنووری پارێزگای موسڵە و لە 75 گوندی ئەو پارێزگایە بڵاوبونەتەوە، ئایینیان ئیسلامە و لەسەر مەزھەبی شیعەن.
بەپێی قسەی بەرپرسانی کوردانی شەبەک، لە دوای ھێرشەکانی داعش نزیکی 450 ھەزار کوردی شەبەک ئاوارە بوونە و دەیان کەسیشیان لە لایەن داعش کوژراون.
bas news-
