"لە دادگای لاهای جەختکرایەوە كة کورتترین ڕێ بۆ بە جینۆسایدناساندنی کەیسەکان، دەوڵەتی کوردستانە"
(كرمانج عوسمان)، پسپۆڕی تاوانە نێودەوڵەتییەكان و چالاكوانی كورد لە بواری تاوانە نێودەوڵەتییەكاندا, بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''كۆنگرەی (پێوەرەكانی وەرگرتنی تاوانە نێودەوڵەتییەكان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا)، كە تایبەت بوو بە تاوانكاریی نێودەوڵەتی و لە ١٣ تا ١٥ی ئەم مانگە لە (لاهای)، لە بارەگای دادگای دادی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، من، وەكو تاكە كەسێك لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بانگهێشت كرابووم. لەم كۆنفرانسەدا نیزیكەی ٦٥ دادوەر و پارێزەر و داواكارە گشتییە نێودەوڵەتییەكان و، پرۆفیسۆرە نێودەوڵەتییەكانی بواری یاسا و تاوانە نێودەوڵەتییەكان بەشدار بوون و، ئەوانەی تێشیدا بەشدار بوون، ئەوانە بوون کە لە دروستكردنی دادگا نێودەوڵەتییەكاندا بەشدار بوونە.''
(كرمانج عوسمان) ڕایگەیاند: ''لەوێدا باسم لەوە كرد كە ئێمەی كورد دەوڵەت نین و ناتوانین ڕاستەوخۆ بێینە دادگا نێودەوڵەتییەكان و سكاڵا دژی ئەو تاوانانە تۆمار بكەین، كە دەرهەق بە كورد كراون، عێراقیش لە دادگای تاوانی نێودەەوڵەتیدا ئەندام نییە و ڕێش نادات دادگا نێودەوڵەتییەكان كار لەسەر كەیسەكانی كورد بكەن.''
ئەو پسپۆڕەی تاوانە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت: ''ئەو تاوانانەی دژ بە گەلی كورد کراون، بە دوو پاكێج خرانەڕوو؛ یەكەم، ئەو تاوانانەی ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەرانبەر بە گەلی كورد کردوویانن, هەر لە كیمیاباران و ئەنفالەوە تا دواین كوشتوبڕەكان و تاوانەكانی ڕژێمی بەعس؛ دووەمیش، تایبەت بوو بەو تاوانانەی تیرۆریستانی داعش بەرانبەر بە كورد كردیان، هەر لە كەیسی شنگال و كچانی ئیزیدییەوە بگرە تا ئەو چەكە قەدەغەكراوانەی بەرانبەر بە كورد بەكاریان هێنا.''
(كرمانج عوسمان) گوتی: ''سەبارەت بە پاكیجی یەكەم مەبەستمانە سكاڵا لەسەر ئەو كۆمپانیایانە تۆمار بكەین، كە ئەو چەكانەیان بە ڕژێمەكانی عێراق داوە، دەبێ دادگایی بكرێن و قەرەبووی هەرێمی كوردستان بەگشتی و تاك بە تاكی قوربانیانیش بكەنەوە. بۆ پاكیجی تاوانەكانی داعشیش دەبێ جیهان ئەوانە بە تاوان لەقەڵەم بدات و سەرانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە لەسەر كەیسەكانی كورد دادگایی بكرێن.''
سەبارەت بە دەستكەوتەكانی ئەو كۆنگرەیە، ئەو چالاكوانە نێودەوڵەتییەی كورد ئاماژەی دا: ''كۆمەڵێك دەستكەوتی زۆر گەورە و نێودەوڵەتی بۆ گەلی كورد بەدەست هاتن؛ یەكەم، هەموو بەشداربووەكان، كە كەسانی بەناوبانگ و خاوەن بڕیار بوون، هاوسۆزی گەلی كورد بوون و بەگشتی بەدوای دەرچەیەكی یاساییدا دەگەڕان بۆ كەیسەكانی كورد. بەشێكیشیان ئامادەییان دەربڕیوە، کە خۆبەخشانە هاوكاریی كەیسەكانی كورد بکەن. بەگشتی لە هەوڵدان دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ كەیسەكانی كورد دابنێن؛ دووەم، بۆ هەموو جیهان ڕوون بووەوە، كە عێراق هۆكاری سەرەكیی ئەو تاوانانەیە کە دژ بە گەلی كورد كراون، بۆ ئەوەی بە جینۆساید نەناسێندرێن، جەختیان لەوەش كردەوە، كە بابەتەكە سیاسییە و حكوومەتی عێراق خۆی بەشێك بووە لە تاوانەكان؛ سێیەم، ئەو هەموو كەسایەتییە نیودەوڵەتییە جەختیان لەوە كردوەوە، بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی دژ بە گەلی كورد کراون بە جینۆساید بناسێندرێن، كورتترین ڕێ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە.''
kdp-
