پێشمەرگەکانی میحوەری کەرکووک: خەریکە بەرھەمی خەباتی خۆمان دەچنینەوە
نەقیب (سالار ماھر)، ئەفسەری پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''من وەک پێشمەرگەیەک لە سنووری کەرکووک پشتیوانی لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم دەکەم و دڵنیام ھەموو پێشمەرگە و ئەفسەرەکانی ھاوڕێم ھەمان بۆچوونی منیان ھەیە و لەگەڵ ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستانن، بەتایبەت زیاتر دڵمان بەوە خۆشە، ڕیفراندۆمەکە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. لەدوای پرۆسەی ڕیفڕاندۆمیش ئەنجامی خەبات و قوربانیی پێشمەرگە دیار دەبێت و بەفیڕۆ ناچێت. چەندین ساڵە ئێمە وەک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، گیانی خۆمان دەبەخشین بە خاکی پیرۆزی کوردستان و ئەمڕۆ پێشمەرگە لە ھەموو کاتێک زیاتر سەربڵندە و ھەست بە خۆشی دەکات، لەوەی بەرھەمی خەباتی چەند ساڵەی خەریکە دەچنێتەوە و دەگەین بە ئامانج، ئەویش بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.''
رائید (مەسعوود ئەسعەد)، ئەفسەر لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: ''وەک پێشمەرگە ھەموو کاتێک خەباتمان بۆ سەربەخۆییی کوردستانە و لەپێناو سەبەخۆییدا دەستمان داوەتە چەک و جگە لەوە ھیچ ئامانجێکی دیکەمان نەبووە. ئێمە، وەک پێشمەرگەی سنووری میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک، چۆن ماوەی سێ ساڵە بەرگری لە خاکی پیرۆزی کەرکووک دەکەین و چەندین شەھید و بریندارمان کردووتە قوربانیی پاراستنی شاری کەرکووکی خۆشەویست، ئەوەندەش دڵخۆشین، بەوەی ئەم خاکەی ئێستا من لەپێناویدا قوربانی دەدەم، خەونی مێژینەی کوردە، کە بگەڕێتەوە سەر نیشتمانی دایک و بەشداری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا بکات، دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کوردستان، ئیشەڵڵا ھەموومان دەبینین، ئێمە وەک پێشمەرگە ئامادەین شاری کەرکووک و ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنوری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لە پیلانی ناحەزان بپارێزین.''
kdp-
