پێشمەرگەکانی میحوەری کەرکووک: خەریکە بەرھەمی خەباتی خۆمان دەچنینەوە

پێشمەرگەکانی میحوەری کەرکووک: خەریکە بەرھەمی خەباتی خۆمان دەچنینەوە
پێشمەرگەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک وێڕای پشتگیریکردنیان لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە پێشمەرگە ئامادەیە دوای سەربەخۆییی کوردستانیش لە ھەمان سەنگەردا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە پاراستنی کەرکووک بکات.

نەقیب (سالار ماھر)، ئەفسەری پێشمەرگە لە میحوەری کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''من وەک پێشمەرگەیەک لە سنووری کەرکووک پشتیوانی لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم دەکەم و دڵنیام ھەموو پێشمەرگە و ئەفسەرەکانی ھاوڕێم ھەمان بۆچوونی منیان ھەیە و لەگەڵ ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستانن، بەتایبەت زیاتر دڵمان بەوە خۆشە، ڕیفراندۆمەکە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. لەدوای پرۆسەی ڕیفڕاندۆمیش ئەنجامی خەبات و قوربانیی پێشمەرگە دیار دەبێت و بەفیڕۆ ناچێت. چەندین ساڵە ئێمە وەک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، گیانی خۆمان دەبەخشین بە خاکی پیرۆزی کوردستان و ئەمڕۆ پێشمەرگە لە ھەموو کاتێک زیاتر سەربڵندە و ھەست بە خۆشی دەکات، لەوەی بەرھەمی خەباتی چەند ساڵەی خەریکە دەچنێتەوە و دەگەین بە ئامانج، ئەویش بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.''

رائید (مەسعوود ئەسعەد)، ئەفسەر لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێت: ''وەک پێشمەرگە ھەموو کاتێک خەباتمان بۆ سەربەخۆییی کوردستانە و لەپێناو سەبەخۆییدا دەستمان داوەتە چەک و جگە لەوە ھیچ ئامانجێکی دیکەمان نەبووە. ئێمە، وەک پێشمەرگەی سنووری میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک، چۆن ماوەی سێ ساڵە بەرگری لە خاکی پیرۆزی کەرکووک دەکەین و چەندین شەھید و بریندارمان کردووتە قوربانیی پاراستنی شاری کەرکووکی خۆشەویست، ئەوەندەش دڵخۆشین، بەوەی ئەم خاکەی ئێستا من لەپێناویدا قوربانی دەدەم، خەونی مێژینەی کوردە، کە بگەڕێتەوە سەر نیشتمانی دایک و بەشداری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا بکات، دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کوردستان، ئیشەڵڵا ھەموومان دەبینین، ئێمە وەک پێشمەرگە ئامادەین شاری کەرکووک و ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنوری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق لە پیلانی ناحەزان بپارێزین.''
kdp-
Top