مامۆستایانی ئایینی: پشتگیریکردن لە ڕیفراندۆم ئەرکێکی ئایینیشە

 	 مامۆستایانی ئایینی: پشتگیریکردن لە ڕیفراندۆم ئەرکێکی ئایینیشە
پاش ڕاگەیاندنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، كە بە ڕۆژێكی مێژوویی بۆ گەلی كورد ئەژمار دەكرێت، مامۆستایانی ئایینی پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، ئەركی هەموو تاكێكە پشتگیری لە پرۆسەكە بكات، چونكە ئەركێكی ئایینی و نەتەوەییە.

(مەلا محەمەد عەبدوڵڵا)، وتارخوێن و پێشنوێژ لە دهۆك بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: ''ئەگەر تەماشای ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكەین، خوای گەورە هەر لە سەرەتای قورئانی پیرۆزد دەفەرمووێ، ئێوەم وەك نەتەوە نەتەوە دروست كردووە، تەنیا بۆ ئەوەی یەكدی بناسن، ئەگەرنا هەموو مرۆڤێكی سەر ڕووی زەوی وەك یەكن و هیچ جیاوازییەكتان لە نێواندا نییە، بۆیە هەموو تاكێك بۆی هەیە بە سەربەخۆیی و ئازادی بژی.''

(مەلا محەمەد عەبدوڵڵا) گوتیشی: ''لە ڕێككەوتنی سایكس بیكۆ هیچ حسابێك بۆ نەتەوەی كورد نەكراوە، ئەوە زوڵمێكە، هەم ئیسلام قبووڵی ناكات، هەم ئینسانییەت، چونكە ئەوە زوڵمێكی گەورەیە لە گەلی كورد كراوە، لە ڕووی ئایینەوە مافێكی شەرعیی میللەتی كوردە، وەك هەر میللەتێكی دیكە خاوەنی ئاڵا و كیان و سەرۆك و دەوڵەتی سەربەخۆ بین.''

(قادر ئەرشەد)، وتارخوێن و پێشنوێژ لە سنووری ئاكرێ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''ئەگەر گەلێك هەبێت، کە بیەوێت بە مافەكانی خۆی بگات، ئەوە گەلی كوردە، چونكە ئەگەر تەماشای قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان ( محەمەد) (د. خ) بكەین، باس لەوە دەكەن هەموو گەلێك مافی ئەوەی هەیە بە مافە ڕەواكانی خۆی بگات. وەک گوتم، بەتایبەتی گەلی كورد كە بە درێژایی مێژوو خەبات دەكات، بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی دیاری بكات، بۆیە ئەگەر گەلێك هەبێت و پێویستی بەوە بێت، ببێت بە دەوڵەت، پێویستە ئەو گەلە، گەلی كورد بێت.''

(مەلا ساڵح كەریم)، وتارخوێن لە سنووری سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''هیچ ڕێگرییەك لە لایەن ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە نییە كە گەلی كورد لەسەر ئەم خاكە خاوەنی دەوڵەت بێت، بۆ ئەوەش چەندین ئایەت و فەرموودە هەن، بۆیە هەر كەسێك لەسەر ئەم خاكە ژیاوە و خۆ بە كورد دەزانێت پێویستە بەشدار بێت لە ڕیفراندۆمدا و بە ''بەڵێ'' دەنگی خۆی بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدات، چونكە چۆن ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەسەر تۆی فەرز كردووە، نوێژ بكەی، بەو شێوەیەش پێویستە وەكو ئەركێكی نەتەوەیی بەشداری دەنگدان بیت و دەنگی خۆت بە ''بەڵێ'' بدەی، چونكە ئەوە ئەركێكی ئایینی و نەتەوەییە.''
kdp-
Top