عەبدولسەلام بەرواری: کۆمەڵی ئیسلامی سێبەری خۆی لێ زل بووە
لەمبارەیەوە عەبدولسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: "کۆمەڵ واپێشبینی دەکات بە شەش کورسیی پەرلەمانەوە شتێکی گەورەی کردووە، بەڵام ئەو حزبە سێبەری خۆی لێ زل بووە، واخۆی نیشان دەدات کە ھێزێکی کاریگەرە لە گۆڕەپانی سیاسی، ئەمەش زۆر ھەڵەیە، خۆیان پێش ھەموو کەس ئەوە دەزانن، بەڵام ئەوانەی بەڵێن بە دوژمنانی سەربەخۆیی کوردستان دەدەن، دواجار دەبێت بیر بکەنەوە، بۆیە کۆمەڵ ئەوەندە کاریگەری نییە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان تا پێی وابێت کە ئەگەر ھەڵوێستێکی وەرگرت، گۆڕانکارییەک دەخاتە سەر ھەڵوێستی ئەم حزب و لایەنانە، یان کاریگەری لەسەر شەقام دروست دەکات، چونکە خۆیان بوونەتە پاشکۆی حزبێک کە خۆی سەری لێ شێواوە".
عەبدولسەلام بەرواری ئەوەشی دووپات کردەوە کە باوەڕی بە خەڵکی کوردستان هەیە و ”خەڵک هۆشیارە“، بۆیە ”خەڵکانی کۆمەڵ و گۆڕان دەبێت شەرم بکەن لەوەی ڕۆژێک ئەگەر ھاتوو ڕیفراندۆم کرا، ئەوان گوێرایەڵی سەرکردەکانیان بکەن، بۆیە ھەوڵەکانیان بێ ھودەیە، دواتر کێ باسی کۆمەڵی ئیسلامی کردووە؟، ئەو پاشکۆیەتی گۆڕانی ھەڵبژاردووە".
ڕۆژی 13/6/2017، هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە و بڕیاریان دا پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە و پێشنیازەکە بخەنە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان، بەبێ ئەوەی ناوی کۆمەڵی ئیسلامی بهێنن، دواتریش سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسی لەوە کرد کە لە گۆڕانکارییەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا بە دوای پشکی یەکێتیدا دەچن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان کە بە دەست کۆمەڵی ئیسلامییەوە، بەڵام دواتر بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیازەکەی ڕەت کردەوە.
باسنیوز
