سامی کاکەیی: ھیچ کاکەییەک نییە دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان نەدات

 سامی کاکەیی: ھیچ کاکەییەک نییە دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان نەدات
ئەندامێکی ئەنجومەنی شارۆچکەی داقووق لە پێکھاتەی کاکەییەکان، ڕای دەگەیەنێت زۆرینەی کاکەییەکان لەگەڵ پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستاندان و لە ڕۆژی ریفراندۆمدا دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەن.

سامی ڕەفعەت کاکەیی، ئەندامی ئەنجومەنی قەزای داقووق، ڕایگەیاند: "پێکھاتەی کاکەیی شانازی بە ڕەسەنایەتی کوردبوونی خۆیانەوە دەکەن، زۆرینەی کاکەییەکان لەگەڵ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستاندان، لەو بڕوایەدانیم کاکەییەک ھەبێت ڕۆژی ریفراندۆم نەچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان نەدات".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی قەزای داقووق، جەختیشی لەوە کردەوە "ئێمە دەمێکە چاوەڕێی وەھا ڕۆژێکین، تاکو لە ڕێگەیەوە مافەکانی خۆمان بەدەست بھێنین، بۆیە بە گەرمییەوە پێشوازی لەو ڕۆژە دەکەین و دەنگ دەدەین بە سەربەخۆیی کوردستان".

ڕۆژی 7/6/2017 مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ڕۆژی 25/9/2017 لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ڕیفراندۆم ئەنجام بدرێت.












باسنیوز
Top