سەرکردەیەکی پارتی: خەڵکی کوردستان لە بڕیارداندا وشیارن

 سەرکردەیەکی پارتی: خەڵکی کوردستان لە بڕیارداندا وشیارن
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوە دەکات کە پرسی ڕیفراندۆم چارەنووسساز و گرنگە دەڵێت: "خەڵکی کوردستان لە بڕیارنداندا وشیارن ".

ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەوانەی لەدژی ڕیفراندۆم دەوەستنەوە چیان پێیە؟ بۆنمونە باس لەوە دەکەن زەمینە نییە بۆ ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، یان باس لەوە دەکەن کە عێراق و ئێران و تورکیا ئیستا لەدژی ریفراندۆمن باشە پرسیار لە خۆیان بکەن کاتێکمان دەستنیشان بکەن لە 500 ساڵ پێش ئیستاوە هەتا ئێستا و لێرەوەشەوە تا چەند ساڵی دیکە ئێمەی کورد چاوەڕوانی ئەوە بین تا کاتێک بێت عێراق و ئێران و تورکیا دژی ڕیفراندۆم نەوەستنەوە؟"

باسی لەوەش کرد "بێ زەحمەت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە؟ یان دەڵێن ئێمە ژێرخانی ئابووریمان لەبار نییە و دۆخی ئابووریمان باش نییە، باشە ئەوان دەتوانن گەرەنتیی ئەوە بکەن ئەو دۆخەی کوردستانی تێدایە و ئەو ئەزموونەی هەمانە، ئەوان گەرەنتی ئەوە دەکەن ئەو عەقڵیەتەی لە عێراق هەیە ئەوان دەسەڵاتیان هەبووە هێزیان هەبوو بەهێز بوونەوە سەقامگیرییان پەیدا کردەوە واز لە ئێمە دەهێنن بەو فیدراڵیەتەی هەمانە؟".

ئەو سەرکردەیەی پارتی لە درێژدا گوتیشی: "لەسەر پرسی ئابووری ئێمە لەبەر ئەوەی تا ئێستا دەوڵەت نین و سیولەمان نییە، لە قەرزی نێودەوڵەتی سودمەند نەبووین، خۆ ئەگەر بووینە دەوڵەت سەرجەم ئەو گرفتانەی هەمانە چارەسەر دەکرێن و حکوومەت شتێکە و دەوڵەت شتێکی دیکەیە حکوومەتەکان لە دوای یەکتری دەگۆڕدرێن، بەس دەوڵەت دەمێنێتەوە و پێگەی دەوڵەتیش کاریگەریی باش لەسەر پرسی حوکمداریش دەکات، بۆیە گرنگە ریفراندۆم پەلەی تێدا بکرێت و گەلی کوردستان بگاتە ئاواتی خۆی".
ئەوەشی خستەرڕوو "خەڵکی کوردستان وشیارن و ئەو پرۆژانەی بۆ لەتکردنی کوردستان دانران و شارەکانیان پێ جیا دەکردەوە بینیمان چۆن شکستیان هێنا، چونکە خەڵک نایەوێت خۆی بە پرۆژەی بچووکەوە سەرقاڵ بکات و ئێستاش هێرشی بەشێ لە لایەنەکان بۆ سەر ئەو پرسە بێ بنەمایە پێچەوانەی ویستی خەڵکی کوردستانە".











باسنیوز
Top