پارتی: بەرەیەک لە عێراق و کوردستان بە ئامانجی ساردکردنەوەی خەڵک لەسەر ڕیفراندۆم پێکهاتووە
عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، ڕایگەیاند: ”پێشووتر ئەو پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارانەی عێراق کە خۆیان بۆ بەرەی دژە کوردستان یەکلا کردبووەوە، لە ڕاگەیاندنی عێراقییەوە پەیامەکانیان دەگەیاند، ئێستا بەپێچەوانەوە ڕاگەیاندنی کوردستان ئەوانەی خۆیان بە ئەھلی دەزانن و ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش، بوونەتە بڵنگۆی گواستنەوەی ئەو دەنگانە، واتە بزووتنەوەی گۆڕان پێی وایە ھەنگی لە قڕۆڵی دار دۆزیوەتەوە، دەگەڕێت بەدوای ئەوانەی دەنگی نەیارانەیان لەدژی ڕیفراندۆم ھەیە، ئەوان تەنیا بۆ ئەوەی دژایەتیی پرسی ڕیفراندۆم بکەن، پەنا دەبەنە بەر قسەی سەرجەم ئەو پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارانەی عێراق کە لەدژی خەڵکی کوردستانن".
عەرەفات کەرەم ئاماژەشی بەوە کرد کە هەڵمەتەکە تا دێت چڕتر دەکرێتەوە و گوتی: ”ئامانجەکەی دیارە، بەرەیەک لە عێراق و کوردستان یەکیان گرتووە بەئاراستەی ساردکردنەوەی خەڵک لە پرسی ڕیفراندۆم، لەھەمان کاتدا گومان دەکرێت لەیەکاتدا ھێرشی راگەیاندنی راگەیاندنی عێراق و بەشێک لە راگەیاندنەکانی کوردستان ھاوتاکراوە بۆ چرکردنەوەی ھێرشکردنە سەر پرسی ڕیفراندۆم ئیستاش ئەم ھەڵمەتە لە راگەیاندنی عێراقی چڕکراوەتەوە.
باسنیوز
